Accessibility links

ڕوانگەی سوری: زیادبوونی هێرشە ئاسمانییەکان لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا


ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ وتی هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر باکووری ڕۆژئاوای سوریا زیادی کردووە و ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی هەزاران هاوڵاتی مەدەنی لە شارۆچکەی خان شیخۆن هەڵبێن.

جێی ئاماژەیە ساڵی ڕابردوو ڕوسیای هاوپەیمانی سەرەکی بەشار ئەسەد و تورکیای هاوپەیمان لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی سوریادا ڕێکەوتن لەسەر ئاگربەست لەو ناوچەیەدا.

هەزاران هاوڵاتی سوریا ناوچەکانی دیکەی سوریایان بەجێ هێشتووە و هەڵهاتوون بۆ ئەو ناوچانەی دیکە کە ئاگربەستیان تێدایە. لایەنەکانی جەنگ و هاوپەیمانەکانیان لەنزیکەوە چاودێری ئاگربەستەکە دەکەن.

بەڕێوبەری ڕوانگەی سوری ڕامی عەبدولڕەحمان وتی هێزەکانی حکومەتی سوریا بۆردومانەکان و هێرشە ئاسمانییەکانیان چڕتر کردۆتەوە.

وتیشی بۆردومانەکان زیاتر ئەو ناوچانەی گرتۆتەوە کە دەکەونە سەر ڕێگای دیمەشق-حەلەب و خان شیخۆنیش چۆڵ بووە.

دەزگاکانی ڕاگەیاندنی سوریا وتیان چەکداران موشەکیان هاویشتووە بۆ چەند شارۆچکەیەک لە بەشی باکووری حەما و ئەوەش بۆتە هۆی کوژرانی هاوڵاتییەکی مەدەنی و برینداربوونی حەوت کەسی دیکە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG