Accessibility links

کۆمەڵەی سوریا: داعش نزیکەی نیوەی شاری بوکەمالی داگیرکردەوە


کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت داعش نزیکەی نیوەی شاری بوکەمالی داگیرکردووەتەوە، ئەمەش پاش ئەوەی هێرشێکی پـێچەوانەی لە دژی هێزەکانی حکومەتی سوریا ئەنجام دا.

ڕامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری کۆمەڵەکە ئەمڕۆ هەینی بۆ ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی ڕاگەیاند شەوی ڕابردوو چەکدارانی داعش هێرشە پـێچەوانەکەیان ئەنجام دا و ئەمڕۆ توانیان زیاتر لە 40% ی شارەکە داگیربکەنەوە. گوتیشی گەڕەکەکانی باکوری شارەکەیان داگیرکردووەتەوە. باسی لەوەش کرد داعش هەوڵێکی زۆر دەدات دوایـین شار کە لە ژێر دەستی مابووەوە کۆنترۆڵبکاتەوە و ئێستا شەڕێکی توند لە نێو شارەکە هەڵگیرساوە.

لەشکری سوریا ڕۆژی پـێنجشەممە ڕایگەیاند توانیویەتی خۆی و هاوپەیمانەکانی تەواوی شاری بوکەمال لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەیان لە نزیک سنووری عێراق کۆنترۆڵبکەن.

ڕامی عەبدولڕەحمان دەڵێت چەکدارانی حزبوڵڵا و پاسدارانی ئێران و چەکدارانی عێراقی ڕۆڵێکی سەرەکییان بینیبوو لە وەدەرنانی داعش لە شارە زۆرینە سووننەیە کە لە هاوینی ساڵی 2014 لە ژێر دەستی داعشدا بوو.

XS
SM
MD
LG