Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە سوریا دەکات ڕۆژی پێجشەممە پابەند بێت بە ئاگربەستەکەوە


ڕێکخەرانی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان داوایان لە سوریا کرد ڕۆژی پێنجشەممە پابەند بێت بە ئاگربەستەکەوە تاوەکو کاروانی یارمەتییەکان بگەنە دەستی ئەو کەسانەی کە پێویستیانە.

ڕۆژی دووشەممە بۆ یەکەمین جار دوای ئەوەی لە مانگی دوودا سوپای سوریا هێرشەکانی دەستپێکرد بۆ سەر ناوچەکە، کاروانی یارمەتییە تەندروستییەکان گەیشتنە جێبی گەمارۆدراوی ژێر دەسەڵاتی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن کە 400 هەزار کەس تیایدا دەژی.

ئەمە تەنها دووەم کاروانە لەمساڵدا دەگاتە ناوچەکە، نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت خەڵکانی ناوچەکە خواردن و دەرمانیان نەماوە.

لە پەیامێکیدا بۆ وەزیری دەرەوەی سوریا فەیسەڵ میقداد، نوێنەری ڕێکخەری چالاکییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سوریا و ڕێکخەری کاروباری مرۆیی عەلی زەعتەری داوای کردووە یارمەتییە مرۆییەکان بگەنە غوتەی ڕۆژهەڵات.

بەرپرسێکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی وتی هەندێک جانتای فریاگوزاری سەرەتایی و پێداویستییەکان بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری کە حکومەتی سوریا ڕێگەی پێدابوون بگەیەنرێنە غوتە کەوتوونەتە ژێر دەستی هێزەکانی ئاسایشەوە لەکاتێکدا کە بارکراون.

زەعتەری وتی هەر ئەوەنە کاروانەکە گەیشتۆتە غوتە نەتوانراوە هەموو بارەکە دابگیردرێت بەهۆی نەوەستانی ئەرکە سەربازییەکانەوە لە ناوچەکەدا.

سیاسەتمەدارێکی ڕۆژئاواش لە لێدوانێکیدا سەبارەت بە کشانەوەی کاروانەکە وتی " ئەو کاروانە بە قورسی ڕزگاری بووە، 83 کارمەندیان لەگەڵدا بووە، نەتەوە یەکگرتووەکان گرەنتی سەلامەتیان دەوێت تاوەکو کاروانەکە بتوانێت بگەڕێتەوە."

هەروەها ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانیش داوای وەستاندنی شەڕیان کرد لە سوریادا.

نوێنەری هۆڵەندا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی ئێستای ئەنجومەنی ئاسایش کارێڵ ڤان ئۆستیرۆم داوای جێبەجێکردنی ئاگربەستەکەی کرد لە سەرتاسەری سوریادا و نیگەرانی خۆی پیشاندا سەبارەت بە ڕەوشی مرۆیی لە وڵاتەکەدا.

ئۆستیرۆم وتی " ئەنجومەنەکە گفتوگۆیان لەسەر وەستاندنی شەڕ کردووە و داواکەی نوێ دەکاتەوە بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە 2401."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG