سەرۆک وەزیری سوید ئوڵف کریستەرسن ڕۆژی دووشەممە داوای دەستبەجێ ئازادکردنی کارمەندە سویدییەکەی یەکێتی ئەوروپای کرد کە لە ئێران زیندانی کراوە.
یۆهان فلۆدیروس لە مانگی چواری ساڵی 2022 دا لە ماوەی پشووەکەیدا لە ئێران دەستگیرکرا. ڕۆژی یەکشەممە ئێران وتی دادگاییکردنی هاووڵاتییە سویدییەکە دەستیپێکردووە، بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسڕائیل و " گەندەڵیکردن لەسەر زەوی " تۆمەتباری کردووە.
ئوڵف کریستەرسن لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی " بەبێ هیچ هۆکارێک دەستبەسەرکراوە. داوا دەکەین دەستبەجێ ئازاد بکرێت."
پەیوەندییەکانی نێوان سوید و ئێران لە ساڵی 2019 ەوە گرژییان تێکەوتووە، ئەوەش دوای ئەوەی سوید بەرپرسێکی پێشووی ئێرانی، حەمید نوری، بە تۆمەتی بەشداریکردنی لە لە سێدارەدانێکی بە کۆمەڵ و ئەشکەنجەدانی زیندانییە سیاسییەکان لە ساڵەکانی هەشتاکاندا دەستگیرکرد. لە ساڵی 2022 دا دادگایەکی سوید نوری بەو تۆمەتانە تاوانبار کرد. نوری داوای پێداچوونەوەی کرد بە بڕیارەکەی دادگادا و پێشبینی دەکرێت هەفتەی داهاتوو دادگای پێداچوونەوە بڕیاری خۆی لەسەر دۆسییەکە بدات.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز