Accessibility links

حیزبی فەرمانڕەوای سوید ڕەنگە بڕیاردان لەسەر چوونە پاڵ ناتۆ خێراتر بکات


سکرتێری حیزبی سۆشیاڵ دیموکراتی فەرمانڕەوای سوید تۆبیاس بۆدین وتی سەرکردایەتی حیزبەکە لە 15 ی مانگی پێنجدا کۆبوونەوەیەکی دیکە ئەنجام دەدەن و دەتوانن تیایدا سیاسەتی وڵاتەکە بگۆڕن و داوای چوونە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ بکەن.

جێی ئاماژەیە زۆرینەی پەرلەمانی سوید پشتیوانی چوونە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ دەکەن، بەڵا حیزبی سۆشیاڵ دیموکراتی فەرمانڕەوا کە لە 100 ساڵی ڕابردوودا گەورەترین حیزب بووە لە هەڵبژاردنەکاندا، وەکو بەربەستێک دەبیندرێت لەبەردەم چوونە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆدا.

بۆدین بە دەزگای هەواڵی تی تی وت " ڕەنگە سەرکردایەتی حیزبەکە لەو کاتەدا بڕیارێک بدەن."

جێی ئاماژەیە هەریەک لە سوید و فینلەندا ئەندامی هیچ هاوپەیمانییەکی سەربازیی نین و لە جەنگی ساردیشدا خۆیان بەدوورگرت لە چوونە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆدا. بەڵام داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا ناچاری کردوون دووبارە بیر لە سیاسەتی ئاسایشی خۆیان بکەنەوە.

پێشبینی دەکرێت لە چەند هەفتەی داهاتوودا هەردوو وڵاتەکە بڕیاری خۆیان بدەن لەسەر ئەوەی بچنە پاڵ ناتۆ یاخود نا.

حیزبەکانی پەرلەمانی سوید بە هاوبەشی پێداچوونەوەیەک بە سیاسەتی ئاسایشی سویددا دەکەن و پێشبینی دەکرێت لە 13 ی مانگی پێنجدا ڕاپۆرتێک لەوبارەیەوە بڵاوبکەنەوە.

هاوکات حیزبی سۆشیاڵ دیموکراتیش بە جیا پێداچوونەوە بە سیاسەتەکەدا دەکات.

لە ماوەی ڕابردوودا حیزبەکە وتی لە 24 ی مانگی پێنجدا بڕیارێک دەردەکەن، کاتێکدا سەرکردایەتی حیزبەکە کۆدەبنەوە.

بەڵام سوید لەگەڵ فینلەندای دراوسێ و نزیکترین هاوپەیمانی لەڕووی بەرگرییەوە، پێکەوە لەسەر پرسی چوونە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ کاردەکەن، پێشبینی دەکرێت فینلەندا خێراتر بجوڵێت لەوبارەیەوە.

سەرۆک وەزیری سوید ماگدالینا ئاندەرسن وتی دوو وڵاتەکە هەریەک لەلای خۆیانەوە بڕیاری خۆیان دەدەن، بەڵام فینلەندا هەر بڕیارێک بدات کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر سوید دەبێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG