Accessibility links

وەزیری دەرەوەی سوید: ئێران 7 کارمەندی کەشتیە بارهەڵگرە بەڕیتانیەکەی ئازاد کردووە


وەزیری دەرەوەی سوید مارگۆت ڤاڵسترۆم وتی ئێران لە کۆی 23 کارمەندی کەشتیە بارهەڵگرە دەستبەسەرداگیراوە بەڕیتانیەکە 7 کارمەندی ئازاد کردووە.

سوپای پاسدارانی ئێران لە 19ی مانگی حەوتدا دەستی گرت بەسەر کەشتیەکی بارهەڵگری بەڕیتانیدا لە تەنگەی هورموز کە کۆمپانیایەکی سویدی خاوەنیەتی، ئەمەش دوو هەفتە دوای ئەوەی بەڕیتانیا لە جەبەل تاڕیق دەستی گرت بەسەر کەشتیەکی نەوت هەڵگری ئێرانیدا و دواتر لە مانگی هەشت کەشتیەکەی ئازاد کرد.

ڤاڵسترۆم لە بەیاننامەیەکدا وتی باڵیۆزخانەی سوید لە تاران ئازادکردنی حەوت کارمەندی کەشتیەکەی پشتڕاست کردۆتەوە.

وتیشی " دڵخۆشم پێتان ڕابگەیەنم ژمارەیەک لە کارمەندانی کەشتیەکە ئازاد کراون. هیوادارم سەرجەمکارمەندەکانی دیکەی کەشتیەکە و کەشتیەکەش ئازاد بکرێن. "

ڤاڵسترۆم ڕوونی کردەوە لە دوای دەستبەسەرگرتنی کەشتیەکەوەسوید ڕۆژانە لە پەیوەندییدا بووە لەگەڵ ئێران.

وتیشی " ئەوە بابەتێکی گرنگ بوو لە خشتەی کارەکانمدا کاتێک لە ستۆکهۆڵم چاوم بە وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریف کەوت. سەرەڕای ئەوەی ئەم کەشتیە ئاڵای بەڕیتانیای هەڵکردبوو بەڵام ئێمە وەکو یارمەتیەک ئەوەی لەتواناماندا بوو کردمان."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG