Accessibility links

سوید ژنێک بە تۆمەتی ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی و تاوان دژی مرۆڤایەتی لە سوریا تۆمەتبار دەکات


داواکار ڕینا دێڤگەن
داواکار ڕینا دێڤگەن

داواکارانی سوید ژنێکییان تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لە سوریا دژی ژنان و منداڵانی کەمینە ئێزیدییەکان لە ساڵانی 2014-2016 دا.

ژنەکە کە تەمەنی 52 ساڵە و هاووڵاتییەکی سویدییە، لە دادگادا بە لینا ئیشاق ناسێندراوە، ڕووبەڕووی تۆمەتی کۆمەڵکوژی و تاوانی جەنگیش بووەتەوە.

داواکاران دەڵێن ژنەکە گەشتی کردووە بۆ سوریا تاوەکو یارمەتیدەر بێت لە دامەزراندنی فەرمانڕەوایی ڕێکخراوی داعشدا.

داواکار ڕینا دێڤگەن وتی ژنەکە گومانی لێکراوە " لە شوێنی مانەوەکەی لە ڕەققەی سوریا ژنان و کچانی ئێزیدییەکانی وەرگرتبێت یاخود کڕیبێتنی "، دواتر وەکو کۆیلە مامەڵەی لەگەڵدا کردوون.

دێڤگەن وتی " ئەو ژن و کچانە ڕووبەڕووی ناڵاندن و کۆیلایەتی و مامەڵەیەکی نامرۆیی بوونەتەوە. لە پێشێلکردنێکی یاسای نێودەوڵەتیدا ژن و کچەکان لە ماڵی ئەو ژنەدا ئازادییان لێسەندراوەتەوە و ڕێگە نەدراوە بەجێی بهێڵن."

ژنە تۆمەتبار کراوەکە کە لە ساڵی 2020 دا گەڕاوەتەوە بۆ سوید و ئێستا بەهۆی چەند تاوانێکی دیکەیەوە کە لە سوریا ئەنجامی داون لە زینداندایە، میکایل وێستەرلوند پارێزەری وتی ژنەکە ئەم تۆمەتە نوێیانەی ڕەت کردووەتەوە.

بەپێی یاسای سوید، دادگاکان دەتوانن ئەو کەسانە دادگایی بکەن کە لە دەرەوەی وڵاتەکە تاوانییان دژ بە یاسای نێودەوڵەتی ئەنجام داوە.

دەزگای داواکاران وتی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی کوشتن و دەستدرێژیکردنی سێکسی و ئەشکەنجەدان و کارکردنی زۆرەملێ لە خۆدەگرێت ئەگەر ئەوانە لە چوارچێوەی هێرشێکی بەرفراوانی ڕێکخراودا دژی کۆمەڵێک لە هاووڵاتیانی سڤیل ئەنجام بدرێن.

لە ساڵی 2022 دا دادگایەکی سوید هەمان ژنی بە تۆمەتی تاوانی جەنگ و پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی تۆمەتبار کرد لەسەر ئەوەی ڕێگەیداوە کوڕە تەمەن 12 ساڵەکەی لە شاری ڕەققەی باکووری سوریا بەو منداڵییەوە ببێتە چەکدار، کاتێک شارەکە لە ژێر کۆنتڕۆڵی داعشدا بووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG