سەرچاوەکانی حکومەتی سودان بە ڕۆیتەرزییان وت نوێنەرانی سوپای سودان ڕۆژی شەممە گەیشتوونەتە جەددەی سعودیە، ئەوەش بە مەبەستی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لەگەڵ هێزە نیمچە سەربازییەکاندا، دوای سێ مانگ لە دەستپێکردنی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوانییان لە وڵاتەکەدا.
گفتوگۆکانی پێشووتر لە جەددە کە لەلایەن ئەمەریکا و سعودیەوە کارئاسانییان بۆ کرابوو لە سەرەتای مانگی شەشدا لەلایەن ئەو دوو وڵاتەوە ڕاگیران، ئەوەش بەهۆی ئەوەی چەندین جار ڕێککەوتنەکانی ئاگربەست لە سودان پێشێل کران. تاوەکو ئێستا سعودیە و ئەمەریکا دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی نێوان لایەنە ڕکابەرەکانی سودانییان پشتڕاست نەکردۆتەوە.
لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی پێنجشەممە میسڕیش هەوڵێکی دەستپێکرد بۆ نێوەندگری کردن لە نێوان سوپای سودان و هێزە نیمچە سەربازییەکاندا، ئەم هەوڵەش لەلایەن سوپای سودان و هێزە نیمچە سەربازییەکانیشەوە پێشوازی لێکرا. جێی ئاماژەشە سوپای سودان پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ میسڕدا هەیە.
زنجیرەیەک لە ڕێککەوتنەکانی ئاگربەست لە نێوان دوو لایەنەکەدا شکستییان هێناوە. جەنگەکە بووەتە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە 3 ملیۆن هاووڵاتی سودان، زیاتر لە 700,000 کەسیش هەڵاتوون بۆ وڵاتانی دراوسێی سودان.
وەزارەتی تەندروستی سودان ڕایگەیاند ڕۆژی شەممە بەهۆی هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بۆ سەر نەخۆشخانەیەک لە شاری ئومدورمان لانیکەم چوار هاووڵاتی سڤیل کوژران و چوار کەسی دیکە بریندار بوون، وەزارەتەکە هێزە نیمچە سەربازییەکانی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی ئەنجامدانی هێرشەکە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز