Accessibility links

هێزەکانی ئاسایشی سودان 3 چالاکوانی دیاری دیموکراتخواز دەستگیردەکەن


خۆپیشاندانەکانی سودان، خەڕتوومی پایتەخت، 27 ی مانگی 10 ی 2021

لەکاتێکدا یەکێتی ئەفریقا ڕێوشوێنی توندی گرتەبەر بۆ فشار خستنەسەر ڕابەرانی کودەتا سەربازییەکەی سودان، هێزەکانی ئاسایشی ئەو وڵاتە خۆپیشاندەرانی خەڕتوومی پایتەختیان دەستگیرکرد، لەوانەش سێ چالاکوانی دیاری دیموکراتخوازی سودان.

شایەتحاڵان دەڵێن هێزەکانی ئاسایشی سودان گازی فرمێسک ڕژێنیان دژی خۆپیشاندەران بەکارهێناوە و کۆمەڵێکیان دەستگیرکردووە. لەنێو دەستگیرکراوەکاندا چالاکوانێکی حیزبی ئومەی تێدایە کە گەورەترین حیزبی سودانە.

هەریەک لە ڕابەری کۆمەڵەی پیشەیی سودان ئیسماعیل ئەل تاج و ڕابەری حیزبی ئومە ئەل سەدیق ئەل مەهدی و ڕاوێژکاری پێشووی میدیای سەرۆک وەزیری پێشووی سودان خالید ئەل سیلایک، لەو چالاکوانانە بوون کە دەستگیرکران.

هاوکات یەکێتی ئەفریقا بڕیاری ڕاگرتنی ئەندامێتی سودانی لە سەرجەم چالاکییەکانی یەکێتیەکەدا ڕاگەیاند، ئەمەش هەتاوەکو دەسەڵات دووبارە ڕادەستی حکومەتێکی مەدەنی دەکرێتەوە.

لە وەڵامی داواکاندا بۆ مانگرتنی گشتی وەکو ناڕەزایی دەربڕینێک بەرامبەر کودەتاکە، زۆرێک لە شوێنەکانی کارکردن لە سودان بە داخراویی ماونەتەوە، هەندێک لە پزیشکان و کارمەندانی نەوتی حکومەتیش وتیان بەشدار دەبن لەو مانگرتنەدا، وەکو پشتیوانیەک بۆ حکومەتە لەکارلابراوەکەی سودان. کارمەندانی بانکی ناوەندیش مانیان گرتووە.

ڕۆژی سێشەممە ڕابەری کودەتا سەربازییەکەی سودان جەنەڕاڵ عەبدول فەتاح بورهان داکۆکی لە کودەتا سەربازییەکە کرد و وتی ئەو کارەیان پێویست بووە بۆ خۆبەدوورگرتن لە شەڕی ناوخۆ لە وڵاتەکەدا.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG