Accessibility links

دەیان هەزار خۆپێشاندەر لە سودان داوای دەسەڵاتداری مەدەنی دەکەن


یەکیەتی ئافریکا و ئێتیۆپیا هەوڵەکانی نێوبژیان خێراتر کردووە کە کۆتایی بە قەیرانەکان بێنن و سەبارەت بە دامەزراندنی حکومەتێکی نوێی کاتی بە ڕێکەوتنێک بگەن.

دەیان هەزارا خۆپێشاندەر یەکشەمە لە پێتەختی سودان ڕژانە سەر شەقامەکان و داوای دەسەڵاتداری مەدەنییان کرد سێ مانگ دوای ئەوەی لەشکری وڵات عومەر ئەل بەشیری لە سەر دەسەڵات لابرد.

بە گوێرەی ئاژانسی ئاسۆشیەتێدپرێس ئەو خۆپێشاندانە لە میانەی حەوتوویەک لە بەر یەک ڕاوەستانی ئەنجومەنی لەشکری دەسەڵاتدار و ڕێبەرانی خۆپێشاندەران دێت. وتووێژەکانی نێوان ئەو دوو لایەنە سەبارەت بە رێکەوتن لە سەر دابەشکردنی دەسەلات زوویەکی ئەم مانگە تێکچوو کاتێک هێزەکانی ئاسایش لە خارتوم هێرشیان کردە سەر کەمپی خۆپێشاندەران.

بە پێێ ڕێکخەرانی خۆپێشاندانەکان لە ئەو سەرکوتکردنەدا لانی کەم ١٢٨ کەس لە سەرانسەری وڵات کوژران. کاربەدەستان دەڵێن ژمارەی کوژراوان ٦١ کەسن کە سێ ئەندامی هێزەکانی ئاسایشیش دەگرنەوە.

ئەو خۆپێشاندانانە لە ٣٠مین ساڵی کودتایەکی بە پشتیوانی ئیسلامیەکان بوو کە لە ساڵی ١٩٨٩ ئەل بەشیریان هێنایە سەر دەسەڵات و حکومەتی هەڵبژێردراویان لە سەر دەسەڵات لادا.

بە گوێرەی گرتە ڤیدئۆکانی بڵاوبوونەتەوە ژێنڕاڵ عەبدل فەتاح بورهان بەرپرسی ئەنجومەنی لەشکرییە. یەکشەمە، خۆپێشاندەران دروشمیان دژی ئەو ئەنجومەنەیان دەدا.

گرتەکانی ڤیدیۆیی یەکشەمە نیشان دەدەن خۆپێشاندەران لە شەقامەکانی خارتۆم لە ترسی گازی فرمێسک ڕێژ خۆ لە چنگ هێزەکانی ئاسایش ڕزگار دەکەن.

ڕۆژێک پێشتر، ئەنجومەنی لەشکری گوتی بەرهەڵستی خۆپیشاندانەکان ناکات، بەلام هوشداری بە ڕێبەرانی خۆپێشاندانەکە دا کە ئەوان بەرپرسیاری هەر چەشنە خراپکاری و توند و تیژی لە ماوەی ڕێپێوانەکاندا دەبن.

XS
SM
MD
LG