Accessibility links

پزیشکێکی دارفور: بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانەوە زیاتر لە 12 کەس لە دارفور کوژراون


پزیشکێک لە هەرێمی دارفوری سودان دەڵێت شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان جەنەڕاڵەکانی سودان لە دارفور بووەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 12 هاوڵاتی مەدەنی.

پزیشکەکە لە ویلایەتی دارفور وتی شەڕ و پێکدادانەکان لە هەرێمەکەدا بوونەتە هۆی " کوژرانی 12 هاوڵاتی مەدەنی لە نیالا."

پزیشکەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات، ئاماژەی بەوەدا " توندوتیژییەکان گواستنەوەی قوربانییەکانی بۆ نەخۆشخانەکان سنووردار کردووە."

هەرێمی دارفوری سودان کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای وڵاتەکەوە و سنووری بە وڵاتی چادەوەیە، یەکێک بووە لەو شوێنانەی کە ڕووبەڕووی کوشندەترین توندوتیژی بووەتەوە لە جەنگەکەی نێوان سەرۆکی سوپای سودان عەبدل فەتاح ئەل بورهان و جێگرەکەی پێشووی موحەمەد حەمدان داقلۆدا کە سەرکردەی هێزە نیمچە سەربازییەکانە.

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت توندوتیژییەکان لە دارفور " ڕەهەندێکی نەتەوەییان " وەرگرتووە و ڕەنگە بگەنە ئاستی " تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی."

بەپێی داتایەکی نوێی پڕۆژەی شوێنی ململانێکان و داتای ڕووداوەکان، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی سودانەوە لە 15 ی مانگی چواردا تاوەکو ئێستا نزیکەی 2800 کەس لە سودان کوژراون.

ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی دەڵێت نزیکەی دوو ملیۆن کەسی دیکە لە ناوخۆی وڵاتەکەدا ئاوارە بوون، نزیکەی 600,000 کەسی دیکەش هەڵاتوون بۆ سنوورەکانی سودان.

ڕۆژی شەممە نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کرد دەستبەجێ ڕێوشوێن بگیردرێتەبەر بۆ ڕاگرتنی کوشتنی ئەو هاوڵاتییانەی کە لە ئەل گینینا هەڵدێن لەلایەن میلیشیا عەرەبەکانەوە کە هێزە نیمچە سەربازییەکان پشتیوانییان لێدەکەن. ئەل گینینا پایتەختی دارفوری ڕۆژئاوایە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ناوەڕاستی مانگی شەشدا وتی زیاتر لە 1100 کەس لە ئەل گینینا هەڵاتوون.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG