Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت دانوستانەکانی سوریا هەلێکی گەورە بوو بەفیڕۆچوو


نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا ستافان دیمیستۆرا وتی خولی دانوستانەکانی ئاشتی سوریا کە پێنجشەممە تەواو بوو هەلێکی گەورە بوو بەفیڕۆچوو، بەڵام دەکرێت مانگی داهاتوو خولێکی دیکە ساز بدرێت ئەگەر بیرۆکەی نوێ هەبوون بۆ ئەوەی هانی حکومەتەکەی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد بدەن بەشدار بێت لە دانوستانەکاندا.

دیمستۆرا وتی " ئامانجمان ئەنجامدانی دانوستانێکی ڕاستەقینە بوو، با بۆتان ڕوون بکەمەوە، ئێمە ئەوەمان نەبینی، ئەو جۆرە دانوستانەمان نەکرد، بەشێوەیەکی تر دانوستانەکان بەڕاستی ئەنجام نەدران."

وتیشی " بە کورتی پێتان دەڵێم هەلێکی گەورەی بەفیڕۆ چوو بوو. هەلێکی ئاڵتونی بوو لە کۆتایی ساڵدا و ئاماژەی ڕوون و ئاشکرا هەیە لە لایەنەکانەوە کە ئەرکە سەربازییەکان بەرەو کۆتایی دەچن."

ئاماژەشی بەوەدا جنێڤ بەجێ دەهێڵێت و بەرەو نیویۆرک بەڕێ دەکەوێت بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گوتێرێسدا و دواتر کۆبوونەوەیەکی دیکە ئەنجام دەدات لەگەڵ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا.

دی میستۆرا وتی " پێویستە بگەمە بیرۆکە و پاڵنەری نوێ سەبارەت بە چۆنێتی بەردەوام بوونی دانوستانەکان و هەروەها دەستوور و هەڵبژاردنەکانیش."

لەلای خۆشیەوە سەرۆکی شاندی ئۆپۆزسیۆنی سوریا دوای کۆتایی هاتنی خولی هەشتەمی دانوستانەکانی جنێڤ وتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت کاری زیاتر بکات تاوەکو حکومەتی سوریا ناچار بکات بەشدار بن لە دانوستانەکانی ئاشتیدا کە نەتەوە یەکگرتووەکان سەرپەرشتیاری دەکات و وتیشی دانوستانەکان لە مەترسییەکی ڕاستەقینەدان.

نەسر حەریری لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد ڕقی لە دانوستانەکانە و هەموو گفتوگۆکان ڕەت دەکاتەوە سەرەڕای فشارەکانی ڕوسیا و وڵاتانی دیکەی هاوپەیمانی و بەربەست دەخاتە بەردەم دانوستانەکانی ئاشتی.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG