Accessibility links

نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان: سوریا ڕووبەڕووی یەکێک لە مەترسیدارترین کاتەکانی جەنگ بۆتەوە


نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا ستافان دی میستۆرا
نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا ستافان دی میستۆرا

نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئاشتی لە سوریا وتی زیادبوونی توندوتیژییەکان لەمدواییانەدا بۆتە هۆی دروستکردنی یەکێک لە مەترسیدارترین کاتەکانی جەنگی بەردەوامی سوریا کە تیایدا هێزەکانی حکومەتی سوریا بۆمبارانی ئەو ناوچانە دەکەن کە لەژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆندان و دەستوەردانی هێزە دەرەکییەکان زیاد بوون.

نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا ستافان دی میستۆرا بە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی وت " بۆ ماوەی چوار ساڵە وەکو نوێنەری تایبەت کار دەکەم و تاوەکو ئێستا لەم ماوەیە توندتوتیژتر و خراپتر و مەترسیدارترم نەبینیوە."

جێی ئاماژەیە هەفتەی ڕابردوو یەکێک بوو لە خوێناویترین هەفتەکانی جەنگی سوریا کە وا بۆ ماوەی هەشت ساڵە بەردەوامە لەکاتێکدا هێزەکانی حکومەتی سوریا بە پشتیوانی ڕوسیا و ئێران بۆمبارانی کۆتا دوو گەورەترین ناوچەی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆنیان کرد کە ئەوانیش غوتەی ڕۆژهەڵات و پارێزگای ئیدلبە لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا.

ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی باس لە پڕۆژە بڕیارێک دەکەن کە کوەیت و سوید پیشنیاریان کردووە و تیایدا داوای ئاگربەست دەکەن لە سوریا بۆ ماوەی 30 ڕۆژ تاوەکو ڕێگە بدرێت یارمەتییەکان بگەنە دەستی ئەو کەسانەی پێویستیانە و هەروەها بریندارەکان دەربکرێن.

دی مستۆرا وتی " ئەوەی ئەمڕۆ لە سوریا دەیبینین نەک تەنها زیان بە هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە دەگەیەنێت بەڵکو هەوڵەکانیش بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسیی لە ناودەبات. بەڵام ئێمە کۆڵ نادەین لە ئەرکی ئاشتی جنێڤ کە ئێستا تاکە ڕێگەیە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی."

جێی ئاماژەیە تا ئێستا ئەرکی ئاشتی جنێڤ کە نەتەوە یەکگرتووەکان سەرپەرشتی دەکات هیچ پێشکەوتنێکی بەرچاوی بە خۆیەوە نەبینیوە. ساڵی ڕابردوو ڕوسیا و تورکیا و ئێران پێکەوە ڕێکەوتن لەسەر ئەوەی سنوورێک بۆ زیادبوونی گرژییەکان لە ڕۆژئاوای سوریا دابنێن بە سوود وەرگرتن لە دەسەڵاتەکانیان لەو ناوچانەدا.

نوێنەری ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان نیکی هەیڵی بە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی وت دەبێت ڕوسیا گرەنتی پابەندبوونی لایەنەکان بدات بە ڕێکەوتنی زیادنەبوونی گرژییەکان لەو ناوچانەدا و کار بکات بۆ لەناوبردنی هەموو چەکە کیمیاییەکان لە سوریادا.

هەیڵی وتی " بەڵام لەجیاتی ئەوە ئێمە دەبینین ڕژێمەکەی ئەسەد بەردەوامە لە بۆمباران کردن و چەوساندنەوە و بەکارهێنانی گازی کیمیایی دژی هاوڵاتیە مەدەنییەکان. ڕوسیا دەتوانێت فشار بخاتە سەر ڕژێمەکە و بەڵێن بدات هەوڵێکێ ڕاستەقینە بدات بۆ ئاشتی لە سوریادا. ئێستا کاتی ئەوەیە ڕوسیا ئەو دەسەڵاتەی خۆی بەکاربهێنێت."

هەروەها لە وەڵامێکدا بۆ نیکی هەیڵی، نوێنەری ڕوسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڤاسێلی نیبینزیا وتی ئەرکی سیاسیی سوریا نابێت بخرێتە ژێر فشاری دەرەکییەوە. هەروەها داواشی لە ئەمەریکا کرد دەسەڵاتەکانی بەکاربهێنێت بۆ فشار خستنە سەر ئۆپۆزسیۆنی سوریا تاوەکو گرەنتی وەستاندنی شەڕ بدات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG