Accessibility links

بە هۆی چەندین تەقینەوە لە سریلانکا لانی کەم ١٥٠ کەس کوژراون


ئەندامانی هێزی لەشکری سریلانکا لە پێش کلیسای سێنت ئانتۆنی، دوای تەقینەوەی یەکشەمە ٢١ی مانگی ٤ی ٢٠١٩
ئەندامانی هێزی لەشکری سریلانکا لە پێش کلیسای سێنت ئانتۆنی، دوای تەقینەوەی یەکشەمە ٢١ی مانگی ٤ی ٢٠١٩

گوتەبێژێکی نەخۆشخانەی نیشتمانی بە ئاسۆشێتدپرێسی گوت کە تا ئێستا ٤٧ تەرم بۆ نەخۆشخانە گوێزراونەوە و خەریکی چارەسەری بۆ زیاتر لە ٢٠٠ کەسی برینداریشن.

کاربەدەستانی پولیسی سریلانکا دەڵێن بۆمبێکی دیکە لە نزیک هۆتێلێک تەقیوەتەوە کە ئاماری تەقینەوەکانی یەکشەمە لە پێتەختی وڵات و شارەکانی دیکە گەیشتۆتە ٧ تەقینەوە و تا ئێستا بە پێی ڕاپۆرتەکان لانی کەم ١٥٠ کەس لە ئەو تەقینەوانەدا کوژراون.

ئاژانسی ڕۆیتێرز لە ئەو بارەیەوە دەنووسێت کە حەوتەمین تەقینەوە لە هۆتێلێک لە پێتەخت ڕوویدا کە هێشتا زانیاری ورد سەبارەت بە ئەم تەقینەوەیە لە بەردەستدا نیە.

هەروەها کاربەدەستێکی سریلانکا بە ئاژانسی فەڕانسەی گوتوە کە ١٥٦ کەس لە نێویان دا ٣٥ بیانی لە ئاکامی تەقینەوەکانی ئەمڕۆدا کوژراون.

پێشتر ئاسۆشێتدپرێس، بە گوێرەی گوتەی کاربەدەستێکی ئاسایشی سریلانکا ڕایگەیاند کە تەقینەوەکانی بەیانی یەکشەمە لە سێ کلیسا و سێ هۆتێل لە کۆلۆمبۆی پێتەختی وڵات و چەند شاری دیکەی ئەو وڵاتە لانی کەم ١٣٨ کەسی کوشتوە و ٤٠٠ کەسیش بریندارن.

ئەو تەقینەوانە هاوکاتی بیرەوەری جەژنی زیندووبوونەوەی عیسای مەسیحە.

تا ئێستا هیچ تاقمێک بەرپرسایەتی ئەو هێرشانەی وەئەستۆ نەگرتووە.

لە نێو ئەو کلیسایانەی تەقینەوەیان تێدا ئەنجامدراوە، کلیسای "سێنت ئانتۆنی" لە کۆلۆمبۆیە کە زیاتر کەسانی بیانی سەردانی دەکەن و وێدەچێت کە لە نیو کوژراوەکان دا کەسانی بیانی تێداهەبن.

XS
SM
MD
LG