Accessibility links

ئیسپانیا زیاتر لە 500 کۆچبەر لە دەریای ناوەڕاستدا ڕزگار دەکات


بەرپرسانی ئیسپانی لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا 500 کۆچبەریان لە 10 بەلەمدا ڕزگارکردووە لەکاتێکدا کۆچبەرەکان هەوڵیانداوە بە دەریای ناوەڕاستدا بپەڕنەوە بۆ ئەوروپا.

بەرپرسان ئیسپانی وتیان کەشتیەکانیان ڕۆژی شەممە نزیکەی 300 کۆچبەریان لە دە بەلەم ڕزگارکردووە. ئەمەش لەمیانەی گەڕانەکاندا بە فڕۆکە و کۆپتەر. وتیشیان هەتاوەکو دوانیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە 250 کەسی دیکە لە هەشت بەلەمدا ڕزگارکراون لەنێویاندا سێ بەلەم تێکشکابوون و دواتر نقومبوون.

کۆچبەرەکان لە وڵاتانی ئەفریقا و باشووری بیابان و باکووری کیشوەرەکەوە هاتبوون.

جێی ئاماژەیە لەم ساڵانەی ڕابردوودا ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی کە لەڕێی دەریاوە لە باکووری ئەفریقاوە دێن بۆ ئیسپانیا زیادی کردووە بەتایبەتی لە ڕێگەی بەندەری جەبەل تاریقەوە، ئەمەش لە کاتێکدا کە ڕێژەی ئەو کۆچبەرانەی لەڕێی لیبیاوە گەیشتوونەتە ئیتاڵیا و یۆنان کەمبۆتەوە.

لە ساڵی 2017 دا نزیکەی 19 هەزار کەس لە دەریا پەڕیونەتەوە، کە ئەوەش لە سەدا 182 زیادی کردووە لەچاو ساڵی پێشووتردا.

دەزگای ئەوروپا بۆ چاودێری سنوورەکان " فڕۆتێکس " لە مانگی یەکدا وتی پێشبینی ئەوە دەکات کۆچکردنی نایاسایی لەمساڵدا بۆ ئیسپانیا زیاتر ببێت، بە بەکار‌هێنانی کەشتی خێرا کە ئەوەش دەبێتە هۆی زیادبوونی کۆچبەرەکان.

بەرپرسێکی کەنار دەریای ئیتاڵیا ڕۆژی یەکشەممە وتی زیاتر لە 1800 کۆچبەر ڕزگارکراون لەکاتێکدا هەوڵیانداوە لە لیبیاوە بگەنە ئیتاڵیا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG