Accessibility links

ئیسپانیا چین تێدەپەڕێنێت لە ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا


ئیسپانیا چینی تێپەڕاند لە ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەکاتێکدا خاوەن کارەکان و بەرپرسانی هەرێمەکان ڕەخنەیان لە بڕیاری حکومەتی ئیسپانیا گرت بۆ درێژکردنەوەی کۆتوبەندەکانی سەر گواستنەوە و مانەوە لە ماڵەوە.

ڕۆژی دوشەممە 812 حاڵەتی گیان لەدەستدانی دیکە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە ئیسپانیا تۆمارکرا بەمەش کۆی گیان لەدەستدانەکان لە ئیسپانیا گەیشتە 7340 کەس، هاوکات ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسەکە لەو وڵاتەدا زیادیکرد بۆ 85,195 کەس، لەکاتێکدا چین 81,470 توشبووی هەیە.

هەروەها بەرپرسی بەشی فریاکەوتنی تەندروستی ئیسپانیا فێرناندۆ سیمۆنیش توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە، ئەمەش بەپێی لێدوانی جێگرەکەی.

دوای ئەوەی ڕۆژی شەممە حکومەتی ئیسپانیا ڕایگەیاند پێویستە هەموو ئەو کەسانەی کە کاری پێویستیان نیە بۆ ماوەی دوو هەفتە لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە، سەرۆکی یەکێتی سەندیکای کاری ئیسپانیا ئەنتۆنیۆ گاراماندی وتی قەدەغەکردنی هاتوچۆ و مانەوە لە ماڵەوە لەوانەیە ببێتە هۆی دروستبوونی قەیرانێکی کۆمەڵایەتی.

وتیشی " ئەگەر جموجۆڵ و چالاکیەکان لە وڵاتەکەدا ڕابگرن ئەوا لە ماوەی پێنج مانگدا قەیرانێکی گەورەی کۆمەڵایەتیمان دەبێت."

حکومەت 24 کاتژمێری داوە بە کۆمپانیاکان تاوەکو کارەکانیان کەم بکەنەوە چونکە لە ڕۆژی سێشەممەوە هەموو کارە ناپێویستەکان ڕادەگیردرێن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG