سەرۆکی پـێشووی هەرێمی کەتەلۆنیای ئیسپانیا داوا لە حکومەتی ناوەندی لە مەدرید دەکات وتووێژ لەگەڵ ڕێبەرانی هەرێمەکەی دەسـتپـێبکات تاوەکو بە چارەسەرێکی سیاسی بگەن.
کارلس پـودگیمۆنت ئەمڕۆ هەینی لە پاش ئازادکردنی لە زیندان بەپـێی بڕیاری دادگای باڵا لە شاری شلێزڤێگ، گوتی" ساڵانێکی دورودرێژە داوای وتووێژدەکەین، بەڵام جگە لە توندوتیژی و سەرکوتکردن هیچمان نەدی."
پاشان گوتی" هیچ بیانویەک بۆ دەسەڵاتدارانی ئیسپانیا نیـیە وتووێژ لەگەڵ ڕێبەرانی سیاسی کەتەلۆنیا نەکەن."
جێی ئاماژەیە سەرۆکی پـێشووی هەرێمی کەتەلۆنیا لە 25 ی مانگی سێـیەوە لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیاوە دەسـتگیرکرا لەسەر داوای حکومەتی ئیسپانیا کە تاوانباری دەکەن بە یاخیبوون لەسەر ئەو ڕیفراندۆمەی ساڵی ڕابردوو بۆ سەربەخۆیی لە هەرێمەکەی ئەنجامیان دابوو، بەڵام دوێنێ پـێنجشەممە دادوەری دادگای هەرێمی شلێزڤێگ- هۆلشتاین لە باکوری ئەڵمانیا گوتی کارلس پـودگیمۆنت ڕادەستی ئیسپانیا ناکرێتەوە، تەنیا مەگەر پارەی گشتی خواردبێت، نەک وەک ئەوەی مەدرید داوا دەکات بە تۆمەتی یاخیبوون ڕادەستی بکرێتەوە. بۆیە ئەمڕۆ هەینی بە کەفالەتی 75 هەزار یورۆ ئازادکرا.