Accessibility links

چەند کاتژمێرێک دوای هێرشەکەی سەر بەرشەلۆنە پۆلیسی ئیسپانیا چوار تیرۆریست لە کامبریلس دەکوژن


پۆلیسی ئیسپانیا چوار تیرۆریستی لە کامبریلسی باشووری ئیسپانیا کوشت کە لەوێ تیرۆریستێک بە ڤانێکەوە خۆی کرد بەناو خەڵکەکەدا و لە ئەنجامدا 13 کەسی کوشت و 100 کەسی تری بریندار کرد.

پۆلیسی ئیسپانیا لە هەرێمی کەتەلۆنیا کە بەرشەلۆنە پایتەختەکەیەتی نەیانووت ئەو کەسانەی کە لە کامبریلس کوژراون پەیوەندییان هەیە بە هێرشەکەی سەر بەرشەلۆنەوە یان نا، بەڵام ڕووداوەکەی کامبریلسیان بە ئەگەری هێرشێکی تیرۆریستی ناودێرکرد.

پۆلیسی ناوچەکە خەڵکەکە ئاگادار دەکەنەوە لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە.

ڕێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی خۆیان لە هێرشەکەی بەرشەلۆنە ڕاگەیاند و پۆلیسی کەتەلۆنیا دەڵێت دەستیان بەسەر دوو کەسدا گرتووە، یەکێکیان خەڵکی مەغریبە و ئەوی دیکەیان خەڵکی مێلیلای ئیسپانیایە کە دەکەوێتە سەر سنووری نێوان ئیسپانیا و مەغریب.

بەڵام شۆفێری ڤانەکە وادیارە هێشتا دەستگیرنەکراوە و ڕوون نیە ئەو دوو کەسەی دەستیان بەسەردا گیراوە بە چ شێوەیەک پەیوەندییان هەیە بە هێرشەکەوە.

پۆلیس دەڵێت ڕۆژێک پێش ئەم ڕووداوە ماڵێک لە کەتەلۆنیا تەقیوەتەوە و کەسێک تیایدا کوژراوە و پەیوەندیی هەیە بە هێرشەکەی بەرشەلۆنەوە. بەرپرسان باوەڕیان وایە ئەو کەسانەی لە ماڵەکەدا بوون تەقینەوەیان دروست کردووە و لەو کاتەدا پێیاندا تەقیوەتەوە، ئەوەش گومانی ئەوە دروست دەکات کە لەوانەیە پلانی هێرشێکی تیرۆریستی گەورەتر هەبووبێت.

هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە ئوتومبێلێک خۆی کێشاوە بە خاڵێکی پشکنیندا لە بەرشەلۆنە و لە ئەنجامدا دوو پۆلیسی کوشتووە، بەڵام ئاشکرا نیە کە ئەو ڕووداوە پەیوەندیی هەبووبێت بە هێرشەکەی سەر بەرشەلۆنەوە.

سەرچاوە/ VOA

XS
SM
MD
LG