ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژەی بەوەدا فڕۆکەکانی سەر بە حکومەتی سوریا بەرمیلی بۆمبڕێکژکراویان بەسەر شاری دەرعادا خستۆتە خوارەوە، بەمەش هێرشەکانیان بۆ سەر باشووری ڕۆژئاوای وڵاتەکە فراوانتر کردوو و هەزاران کەس بێ ماڵ و حاڵ بوون.
دوو سەرچاوە ڕایانگەیاند فڕۆکەکان بەرمیلی بۆمبڕێژکراویان خستۆتە خوارەوە کە پڕبوون لە تەقینەوە.
جێی ئاماژەیە ناوجەکە هەستیاریەکی سیاسی هەیە بەوەی کە نزیکە لە ئیسڕائیل و ئەردەنەوە و لەو ناوچانەشە کە ڕێکەوتنی کەمکردنەوەی شەڕی تێدا کراوە، ئەو ڕێکەوتنەش لەلایەن ئەمەریکا و ڕوسیا و ئەردەنەوە واژۆکراوە.
واشنتن پێشتر سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد و ڕوسیای ئاگادار کردبۆوە لەوەی هەر پێشێلکارییەک لەو ڕێکەوتنەدا وەڵامی بەدوادا دەبێت، بەڵام ئۆپۆزسیۆن ڕایگەیاند ئەمەریکا پێی وتوون چاوەڕێی پشتیوانی سەربازیی ئێمە مەبن.
دیبلۆماتکارێکی ئەوروپی بە ڕۆیتەرزی وت " پێشێلکردنی ڕێکەوتنەکە لەلایەن ڕوسیا و سوریاوە جێی نیگەرانییەکی زۆرە."
لە مۆسکۆش، دەزگای ڕاگەیاندنی ڕوسیا لە زاری جێگری وەزیری دەرەوەی ڕوسیا میخائیل بۆجدانۆڤەوە بڵاویکردەوە بەرپرسانی ڕوسیا هیوادارن بەمزووانە لەگەڵ ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جۆن بۆڵتن و ئەردەندا بە جیا گفتوگۆ لەسەر ڕەوشی باشووری ڕۆژئاوای سوریا بکەن.
وەزیری دەرەوەی ئەردەن ئەیمەن سەفەدی وتی وڵاتەکەی کە سەدان هەزاران پەنابەری سوری وەردەگرێت، ئەو سورییانە وەرناگرێت کە لە شەڕی باشووری ڕۆژئاوای سوریا هەڵدێن.
جێی ئاماژەیە ئەو ناوچەیە یەکێکە لەو دوو شوێنە سەرەکییەی کە تا ئێستاش لەژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆندایە لەگەڵ پارێزگای ئیدلبدا لەسەر سنووری تورکیا لە باکووری ڕۆژئاوا، دەرعا گەورەترین شاری باشووری ڕۆژئاوایە، ناوەندی سەرهەڵدانی بەرهەڵستی بوو لە دژی ئەسەد لە ساڵی 2011 دا و ئێستا دابەش کراوە بەسەر چەند کەرتێکدا کە هەندێکیان لەژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆندان و هەندێکی دیکەشیان چەند ساڵێکە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریادان.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز