سوپای کۆریای باشوور دەڵێت کۆریای باشوور تەقەی ئاگادارکردنەوەی بە ئاڕاستەی کەشتییەکی کۆریای باکووردا کردووە دوای ئەوەی کەشتییەکە سنووری ئاوی نێوان دوو وڵاتەکەی بەزاندووە.
ئەرکانی گشتی هاوبەشی سوپای کۆریای باشوور وتی تەقەی ئاگادارکردنەوەی کردووە و هۆشداریداوە بۆ دەرکردنی کەشتیەکی ئێشکگری کۆریای باکوور کە هێڵی سنووری باکووریی بەزاندووە، ئەو هێڵەش هێڵێکی نافەڕمییە کە سنووری ئاوی نێوان دوو وڵاتەکە جیا دەکاتەوە.
ئەرکانی گشتی سوپای کۆریای باشوور لە بەیاننامەیەکدا وتی " سوپاکەمان پێگەی شەڕکردنی یەکلاکەرەوەی خۆی پاراستووە و لە هەمان کاتیشدا چاودێری جووڵەکانی دوژمن دەکات لە ئامادەکاریدا بۆ ئەگەری کارێکی وروژێنەرانە سەبارەت بە پێشێلکردنی هێڵی سنووری باکوور لەلایەن بەلەمەکانی کۆریای باکوورەوە."
وتیشی لە ماوەی ئۆپەراسیۆنەکاندا کەشتییەکی ئێشکگری کۆریای باشوور " بەرککەوتنێکی کەمی " هەبووە لەگەڵ کەشتییەکی ماسیگرتنی چینیدا کە لەو نزیکانە بووە، ئەوەش بەهۆی خراپی بینینیەوە، بەڵام هیچ کێشەیەکی پارێزراوی لێنەکەوتۆتەوە و تەنها بریندارییەکی سووک هەبووە لە نێو ستافەکەی ناو کەشتییەکەی کۆریای باشووردا.
بەزاندنی هێڵە سنوورییەکە لە کاتێکدایە کە کۆریای باکوور لەم چەند هەفتەیەی دواییدا چالاکییە سەربازییەکانی زیاتر کردووە، ڕۆژی هەینی موشەکێکی باڵیستیکی کیشوەربڕی تاقیکردەوە.
هێڵی سنووری باکوور لە جەنگی کۆریادا لە ساڵانی 1950 بۆ 1953 دا کێشرا، کۆریای باکوور کێشەی لەگەڵ ئەو هێڵەدا هەیە و دەڵێت دەبووایە زیاتر لە باشوورەوە بووایە.
لە نێوەندی زیادبوونی گرژییەکانی نێوان دوو وڵاتەکەدا، کۆریای باکوور هەڕەشەی کردەوەی سەربازیی کردووە لە کاتێکدا کە هێزەکانی کۆریای باشوور و ئەمەریکا لە مانگی سێیەوە دەستییان کردووە بە مەشقە سەربازییە ساڵانەییە هاوبەشەکەی نێوانیان، پیۆنگیانگ دەڵێت مەشقەکان ئامادەکارین بۆ جەنگێکی ئەتۆمی.
ڕۆژی یەکشەممە هێزی ئاسمانی کۆریای باشوور وتی لە ڕۆژی دووشەممەوە تاوەکو 28 ی مانگی چوار مەشقی هاوبەش لەگەڵ هێزی ئاسمانی ئەمەریکادا ئەنجام دەدەن.
وتیشی 110 فڕۆکە بەشداری لە مەشقەکاندا دەکەن، هەریەک لە فڕۆکە F-35 و F-15 شەڕکەرەکانی کۆریای باشوور و F-16 و KC-135 ی ئەمەریکی بەشداری لە مەشقەکاندا دەکەن، هاوکات 1400 سەربازی لە هەردوو وڵاتەکەوە بەشداری دەکەن.
کۆریای باشوور و ئەمەریکا دەڵێن مەشقەکان بۆ بەرگرین و ئامانج لێیان ڕێگریکردنە لە کۆریای باکوور.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز