Accessibility links

سیئۆل هەوڵدەدات گرژییە سەربازییەکانی نێوان وڵاتەکە و کۆریای باکوور کەم بکاتەوە


کۆریای باشوور دەڵێت هەوڵدەدات چاوپێکەوتنی زیاتر ڕێکبخات لەنێوان ئەو خێزانانەدا کە جەنگی کۆریا لێکی جیا کردوونەتەوە و هەوڵدەدات گرژییە سەربازییەکان لەگەڵ کۆریای باکووردا کەم بکاتەوە، ئەمەش وەکو دوو هەنگاوی ڕێگە خۆشکەر لەبەردەم کۆبوونەوەی لوتکەی دەگمەنی نێوان دوو کۆریاکەدا.

بەیاننامەکەی وەزارەتی یەکیەتی دوای کۆتایی هاتنی سەردانی شاندە ئاست بەرزەکەی کۆریای باکوور هات بۆ باشوور،کە لە سەردانەکەدا داوا لە سەرۆکی کۆریای باشوور مون جەی ئین کراوە سەردانی پیۆنگیانگ بکات بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ.

وەزارەتەکە وتی " سەردانەکە ئەوە دەردەخات کە کۆریای باکوور ئارەزوویەکی بەهێزی هەیە بۆ باشکردنی پەیوەندییەکانی نێوان دوو کۆریاکە و پیۆنگیانگ دەتوانێت ڕێوشوێنی پێشوەختە و ئازایەنە بگرێتە بەر ئەگەر پێویست بکات."

سەردانەکەی شاندی کۆریای باکوور کە خوشکی ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئونی تێدابوو بووە جێگەی گرنگی پێدانی زۆرێک لە کۆریای باشوور و هەندێک گومانی ئەوەیان هەیە کۆریای باکوور ئامادە بێت دەست بەرداری بەرنامە ناوەکیی و موشەکیەکەی بێت.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە دەڵێت " سەرەڕای ئەوەی زۆرێک لە هەردوو کۆریاکە پێشوازیی لە بەشداربوونی کۆریای باکوور دەکەن لە یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی زستانەدا بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕەخنەیەکی زۆر و ترس هەیە لە ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتیشدا."

لە میانەی سەردانەکەدا کیم یۆ جۆنگی خوشکی ڕابەری کۆریای باکوور نامەیەکی براکەی دا بە سەرۆکی کۆریای باشوور و لە نامەکەدا بانگهێشتی سەرۆکی کۆریای باشووری کردووە بە زووترین کات کەی بۆی گونجا سەردانی پیۆنگیانگ بکات، سەرۆکی کۆریای باشوور مون جەی ئین لە وەڵامی ئەو بانگهێشتەدا وتی " با ڕەوشەکە هێور بکەینەوە بۆ ئەوەی بتوانین ئەوە بکەین."

ئەگەر ئەم کۆبوونەوەیەی نێوان دوو سەرۆکی کۆریاکە ئەنجام بدرێت ئەوا یەکەمین کۆبوونەوەی سەرۆکی کۆریاکان دەبێت لە ساڵی 2007 ەوە.

وەزارەت یەکیەتی کۆریای باشوور وتی دوو کۆریاکە کۆمەڵێک ڕێوشوێن دەگرنە بەر بۆ باشکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان بەڵام بە پشتیوانی وڵاتانی دیکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG