Accessibility links

سەرۆکی کۆریای باشوور داوا لە پیۆنگیانگ و واشنتن دەکات بجوڵێن بۆ کۆتایی هێنان بە بەرنامە ناوەکییەکە


سەرۆکی کۆریای باشوور مون جەی ئین

سەرۆکی کۆریای باشوور مون جەی ئین داوای لە کۆریای باشوور و ئەمەریکا کرد بجوڵێن بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێکەوتنەی کە کۆتایی بە بەرنامە ناوەکییەکەی پیۆنگیانگ دەهێنێت، ئەمەش لە کاتێکدایە گومانی ئەوە لە پیۆنگیانگ دەکرێت کە هەنگاوی ڕوونی نەداوە بە ئاڕاستەی نەهێشتنی چەکە ناوەکییەکەی و گومانی ئەوەی لێدەکرێت پابەند نەبێت بە ڕێکەوتنەکەوە.

مون جەی ئین لەمیانەی سەردانەکەیدا بۆ سینگاپوور وتی " ئەگەر کیم جۆنگ ئون بەڵێنەکەی جێبەجێ بکات بۆ نەهێشتنی چەکی ناوەکیی ئەوا دەتوانێت سەرکردایەتی وڵاتەکەی بکات بەرەو خۆشگوزەرانی."

وتیشی " ڕێگەکە بە هیچ شێوەیەک ئاسان نیە، بەڵام ئەگەر ئەو ڕێکەوتنانەی کە لە کۆبوونەوەکەدا " کۆبوونەوەکەی نێوان سەرۆک ترامپ و کیم جۆنگ ئون " واژۆ کراون جێبەجێ بکرێن ئەوا دەتوانرێت ئامانجەکە بپێکرێت."

وتی " ئەگەر کۆریای باکوور گرنگییەکی زیاتر بدات بە نەهێشتنی چەکی ناوەکیی و کۆریای باشوور و ئەمەریکاش ڕێوشوێنی تەواو لەبەرامبەر ئەوەدا بگرنەبەر، ئەوا پڕۆسەکە زۆر خێراتر دەبێت."

جێی ئاماژەیە لەمیانەی کۆبوونەوەکەیاندا سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ و ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون بەڵێنیاندا نیمچە دوورگەی کۆریا بەتەواوەتی خاڵی بکەنەوە لە چەکی ناوەکیی و گرژییەکانی نێوان وڵاتەکانیان کەم بکەنەوە.

بەڵام پیۆنگیانگ لە دوای ئەو کۆبوونەوەیەوە هیچ نیشانەیەکی پیشان نەداوە لەسەر ئەوەی ڕێوشوێنێکی بەرجەستە بگرێتە بەر بۆ نەهێشتنی بەرنامە ناوەکییەکەی کە بۆتە هۆی ئەوەی سزایەکی زۆری بەسەردا بسەپێنرێت لەلایەن وڵاتانی جیهانەوە.

سەرۆکی کۆریای باشوور وتی زۆر دڵنیایە لەوەی سەرۆک ترامپ و کیم لە کۆتاییدا بەڵێنەکانیان دەبەنە سەر کە لەبەردەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا داویانە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG