Accessibility links

کۆریای باشوور: سەرۆک ترامپ بەڵێنیداوە بەبێ ڕەزامەندی ئێمە هێرش نەکاتە سەر کۆریای باکوور


سەرۆکی کۆریای باشوورموون جەی ئین وتی دڵنیایی وەرگرتووە لە سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپەوە کە واشنتن هیچ هێرشێک ناکاتە سەر کۆریای باکوور بەبێ ڕەزامەندی سیئۆل.

موون وتی " ئەمەریکا و سەرۆک ترامپ ڕایانگەیاند و بەڵێنیاندا کە هەر کارێکی سەربازیی بیانەوێت ئەنجامی بدەن پێشتر بەتەواوەتی لەگەڵ ئێمەدا باسی دەکەن و دەبێت ڕەزامەندی ئێمە وەربگرن."

سەرۆکی کۆریای باشوور کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بەست بەبۆنەی تێپەڕبوونی 100 ڕۆژ لە سەرۆکایەتییەکەی. موون لە مانگی پێنجدا هەڵبژێردرا وەکوو سەرۆکی کۆریای باشوور دوای ئەوەی سەرۆکی پێشوو پارک جیۆن هی لەکارەکەی دوورخرایەوە.

سەرۆک موون هەمیشە هەوڵی داوە لەڕێی گفتوگۆی ئاشتیانەوە گرژییەکانی نیمچە دوورگەی کۆریا کەمبکاتەوە، بەپێچەوانەی سەرۆک ترامپەوە کە زمانێکی تەواو جیاواز بەکاردەهێنێت و سیاسەتی هەڕەشەکردن بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی نەهێڵێت کۆریای باکوور موشەکە بالیستیکیە کیشوەرییەکانی بەکار بهێنێت.

جۆن دیلوری پڕۆفیسۆر لە پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکاندا لە زانکۆی یۆنسی لە سیئۆل وتی " شوێنی سەرۆک موون هەستیارە. نایەوێت بێتە دەرەوە و ئەو بۆشاییەی هەیەتی لەگەڵ ئەمەریکادا دەریبخات، تەنانەت کاتێک سەرۆک ترامپ زمانێکی جیاواز بەکاردەهێنێت و باس لە بژاردەی جەنگ دەکات کە بەتەواوەتی دژی بەرژەوەندییەکانی هەموو هاوڵاتیانی کۆریای باشوورە."

سەرچاوە/ VOA

XS
SM
MD
LG