کۆریای باشوور دەڵێت " بەشێکی زۆری " بەڵگەنامە هەواڵگرییە دزەپێکراوەکانی ئەمەریکا کە باس لە نیگەرانییەکانی سیئۆل دەکەن سەبارەت بە پێدانی چەک بە ئۆکرانیا ساختەن.
بەڵگەنامەکان بەشێکن لە کۆمەڵێک زانیاری دیکە کە دزەیان پێکراوە و وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا دەڵێت " مەترسییەکی جددییە " بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانی.
هەندێک لە بەڵگەنامەکان باس لەوە دەکەن لە نێو بەرپرسانی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی کۆریای باشووردا نیگەرانی هەیە سەبارەت بەوەی ئەو چەک و تەقەمەنییانەی کە وڵاتەکەیان دروستی دەکات ڕەنگە لە ئۆکرانیا بەکاربهێندرێن، ئەوەش پێشێلکردنی سیاسەتی کۆریای باشوورە بۆ نەفرۆشتنی چەک بەو وڵاتانەی کە لە جەنگدان.
ئۆفیسی سەرۆکایەتی کۆریای باشوور وتی ڕۆژی سێشەممە وەزیری بەرگری کۆریای باشوور و وەزیری بەرگری ئەمەریکا ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی " بەشێکی زۆری بەڵگەنامەکان دروستکراون."
وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ئاماژەی بەوە داوە کاردەکات بۆ ئەوەی بزانێت کە ئایا بەڵگەنامەکان ڕاستن، بەڵام لانیکەم یەکێک لەو بەڵگەنامانە دەستکاری کراوە.
ئەم ڕووداوەش بەرپرسانی ئەمەریکای ناچار کردووە دڵنیایی بدەنەوە بە هاوپەیمانەکانی وەکو کۆریای باشوور، کە یارمەتییەکی مرۆیی گرنگی پێشکەشی ئۆکرانیا کردووە.
بەڵام کۆریای باشوور سیاسەتێکی درێژخایەنی هەیە کە دژی ئەوەیە چەک بدات بەو وڵاتانەی کە لە جەنگدان، دەڵێت ئەو سیاسەتە وایکردووە پێدانی چەک ڕاستەوخۆ بە ئۆکرانیا قورس بێت.
ئاشکرابوونی گفتوگۆکانی بەرپرسانی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی کۆریای باشوور سەبارەت بە ئۆکرانیا لە ناوخۆی وڵاتەکەدا ڕەخنەی لە کۆریای باشوور بە دوای خۆیدا هێناوە سەبارەت بە لاوازی شوێنە هەستیارەکانی وڵاتەکە بە ئۆفیسی سەرۆکایەتیشەوە.
بەڵام سەرۆکی کۆریای باشوور یوون سوک یول وەڵامی ڕەخنەکانی دایەوە و وتی " ئاسایشێکی پتەوی هەیە " و تۆمەتەکانی سیخوڕی لە نێو شوێنەکاندا بە " درۆیەکی بێمانا " ناوبرد.
دواتر لەم مانگەدا بڕیارە یوون سەردانی ئەمەریکا بکات.
سەرچاوە/ فرانس پرێس