Accessibility links

سەرۆکی کۆریای باشوور داوا لە کۆریای باکوور دەکات ڕێکەوتنەکانی ئاشتی بپارێزێت


سەرۆکی کۆریای باشوور مون جەی ئین داوای لە کۆریای باکوور کرد چیتر کارێک نەکات ببێتەهۆی دروستکردنی گرژی و بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆکردن، ئەمەش دوای ئەوەی کۆریای باکوور هەڕەشەی بڕینی پەیوەندییەکانی کرد لەگەڵ باشووردا.

گرژییەکانی نێوان دوو کۆریاکە ترسی ئەنجامدانی کردەوەی سەربازیی لێدەکەوێتەوە لەلایەن کۆریای باکوورەوە، هەروەها شکستێکی دیکەیە لەنێوەندی چەق بەستوویی دانوستانەکاندا بۆ داماڵینی چەکی ناوەکی لە کۆریای باکوور.

لەگەڵ هەڕەشەکاندا، دەزگای ڕاگەیاندنی فەڕمی کۆریای باکوور لەم ڕۆژانەی ڕابردوودا هەڕەشەی داخستنی ئۆفیسی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکەی کرد، ئەمەش لەکاتێکدا ئەگەر کۆریای باشوور ڕێوشوێنێک نەگرێتەبەر دژی ئەو کەسانەی کە لەڕێی باڵۆنەوە لەسەر سنوور نامیلکە هەڵدەدەن بۆ کۆریای باکوور و تیایدا ڕەخنەی توند لە ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون دەگرن.

مون لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ڕاوێژکارەکانی وتی " ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ بەڵێنی ئاشتیدا لە نیمچە دوورگەی کۆریادا و بەڵێنی بە هاوڵاتیانماندا کە ژمارەیان 80 ملیۆن کەسە، ناکرێت لەو بەڵێنە پەشیمان ببێتەوە." لە ساڵی 2018 دا لە میانەی کۆبوونەوەیەکدا کیم جۆنگ ئون و مون جەی ئین ڕێکەوتن لەسەر خستنەوەی ئاشتی لە نیمچە دوورگەی کۆریادا.

وتیشی " دەبێت کۆریای باکوور پەیوەندییەکان نەپچڕێنێت و کارێک نەکات ببێتەهۆی دروستبوونی گرژی و هەوڵ بدات بگەڕێتەوە سەر هەوڵەکانی پێشوو."

وتیشی " هیوادارم لەڕێی پەیوەندیی و هاریکاریکردنی یەکتریەوە بتوانین کێشە قورس و بێزارکەرەکان چارەسەر بکەین."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG