سەرچاوەیەکی نزیک لە بابەتەکەوە دەڵێت بەرپرسانی ژاپۆن و کۆریای باشوور بە نیازن لە دەستپێکی مانگی داهاتوودا ڕێکبکەون لەسەر پەیوەستکردنی ڕادارەکانییان لە ڕێی سیستمێکی ئەمەریکییەوە بۆ گواستنەوەی زانیارییەکان لە کاتی خۆیدا لەسەر موشەکە باڵیستیکییەکانی کۆریای باکوور.
سەرچاوەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات بەهۆی ئەوەی کە گفتوگۆکان ئاشکرا نەکراون، وتی وەزیرانی بەرگری ژاپۆن و کۆریای باشوور و ئەمەریکا پلانییان هەیە لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەی وەزیرانی بەرگری ئاسیادا کە بڕیارە لە سەرەتای مانگی داهاتوودا لە سینگاپوور بەڕێوەبچێت بگەن بە ڕێککەوتنێک.
دوای ئەوەی لە ساڵی ڕابردوودا کۆریای باکوور ژمارەیەکی بێپێشینە موشەکی تاقیکردەوە، ئەمەریکا و ژاپۆن و کۆریای باشوور لە مانگی یانزەدا ڕێککەوتن لەسەر خێراکردنی هاوبەشیکردنی زانیارییەکان. ژاپۆن و کۆریای باشوور بە جیا سیستمەکانی ڕادارییان پەیوەستن بە سیستمەکانی ڕاداری ئەمەریکاوە، بەڵام تاوەکو ئێستادا سیستمەکانی ڕاداری ژاپۆن و کۆریای باشوور پەیوەست نەکراون بە یەکترییەوە.
پەیوەندییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ هاوپەیمانە ئاسیاییەکانیدا لەم چەند مانگەی ڕابردوودا بە ڕووی هەڕەشەکانی کۆریای باکووردا گەرمتر بوونەتەوە، ڕۆژی یەکشەممە سەرۆک وەزیری ژاپۆن فومیۆ کیشیدا لە سیئۆل لەگەڵ سەرۆکی کۆریای باشوور یوون سوک یولدا کۆبۆوە، هەردوولا لە کۆبوونەوەکەدا بەرەوپێشچوونی هاریکارییەکانی نێوانییان لە ڕووی بەرگرییەوە پشتڕاست کردەوە.
وەزیرانی بەرگری ژاپۆن و کۆریای باشوور ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک لە ماوەی کۆبوونەوەکەی وەزیرانی بەرگری وڵاتانی ئاسیادا لە سینگاپوور، کە بڕیارە لە 2 ی مانگی شەشەوە دەستپێبکات بۆ 4 ی هەمان مانگ. ئەو کۆبوونەوەیەش لە مانگی یانزەی ساڵی 2019 ەوە تاوەکو ئێستا یەکەمین کۆبوونەوەی لەو جۆرە دەبێت لە نێوان دوو وەزیرەکەدا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز