Accessibility links

سیئۆل و تۆکیۆ ڕێکدەکەون لەسەر پشتیوانیکردنی دانوستانەکانی نێوان ئەمەریکا و کۆریای باکوور


سەرۆکی کۆریای باشوور مون جەی ئین ئاماژەی بەوەدا وڵاتەکەی لەگەڵ ژاپۆن و چیندا ڕێکەوتووە لەسەر ئەوەی پێکەوە کاربکەن بۆ پشتیوانیکردنی دانوستانەکانی نێوان ئەمەریکا و کۆریای باکوور، ئەمەش لەدوای کۆبوونەوەکەی نێوان ئەو سێ وڵاتەدا.

کۆریای باکوور هەتاوەکو کۆتایی ئەمساڵی داوە بە ئەمەریکا تاوەکو هەڵوێستی ئێستای بگۆڕێت کە پیۆنگیانگ بە سیاسەتێکی دوژمنکارییانە ناودێری دەکات، ئەمەش دوای ئەوەی وتوێژەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە کۆسپیان کەوتە بەردەم.

ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون و سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ سێ جار کۆبوونەتەوە، بەڵام هیچ پێشڕەوییەکی بەرچاو لە گفتوگۆکانیاندا بەدی نەکراوە لەکاتێکدا پیۆنگیانگ داوا دەکات سەرەتا سزا ئابوورییە نێودەوڵەتییەکانی سەری لاببرێن.

مون دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی چین لی چیانگ و سەرۆک وەزیری ژاپۆن شینزۆ ئابی لە شاری چینگدۆ لە باشووری ڕۆژئاوای چین وتی هەر سێ وڵاتەکە ڕێکەوتوون لەسەر پێویستی لەنزیکەوە کارکردن پێکەوە.

وتیشی " هەر سێ وڵاتەکە، کۆریای باشوور و چین و ژاپۆن ڕێکەوتوون لەسەر بەردەوامی پێدانی هاریکارییەکان لەنزیکەوە بۆ داماڵینی چەکی ناوەکی و دەستەبەرکردنی ئاشتی هەمیشەیی لە نیمچە دوورگەی کۆریادا."

وتیشی " هەموومان هاوڕاین لەسەر ئاشتی لە نیمچە دوورگەی کۆریادا و ئاشتی لە ناوچەکەدا لە بەرژەوەندی هەموواندایە و بڕیارماندا پێکەوە کاربکەین بۆ داماڵینی چەکی ناوەکی و خستنەوەی ئاشتی و پشتیوانیکردن و هاندانی دانوستانەکانی نێوان کۆریای باکوور و ئەمەریکا."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG