Accessibility links

ئۆپۆزسیۆنی ئەفریکای باشوور: ئەفریکای باشوور ناتوانێت نەوتی ڕووسیا بپاڵێوێت


وەزیری وزەی ئەفریکای باشوور گویدی مانتاشی داوای لە وڵاتەکە کردووە نەوتی خاوی ڕووسیا بکڕێت، کە ئەمەش پشتگوێ خستنی سزاکانی سەر حکومەتەکەی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن دەبێت کە لەلایەن ئەمەریکا و بەڕیتانیا و یەکێتی ئەوروپاوە سەپێندراون.

بەڵام یاسادانەرێکی پارتی هاوپەیمانێتی دیموکراتی ئۆپۆزسیۆن کێڤن مایڵهام گوتی داواکەی مانتاشی بێمانایە.

مایڵهام گوتی " بەڕاستی لێدوان و داواکانی بەڕێز مانتاشی بۆ کڕینی نەوتی ڕووسیا بەلاڕێداچوون. ئاستی توانای پاڵاوتنی ئەفریکای باشوور لە ئێستادا لە هەموو کات نزمترە و زۆرینەی پاڵاوگەکانمان داخراون، لەبەر ئەوە مەحاڵە بتوانین ئەو نەوتە بپاڵێوین کە لە ڕووسیای دەکڕین."

مایڵهام گوتی ئاسانتر و هەرزانتر دەبێت ئەگەر نەوتی پاڵێوراو لە پاڵاوگەکانی وەکو سینگاپوور و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نایجیریا و ئەوروپاوە بکڕیت.

گوتی " بەهۆی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا دەبینین نرخی سوتەمەنی بەرچاو زیادیکردووە، ئەوە کێشەی یەکەمە. کێشەی دووەم ئەوەیە کە ئابووری ئەفریکای باشوور و نرخی ئاڵوگۆڕی دراوی ڕاند – دۆلاریش لە بەرژەوەندی ئێمە نین، ئەوەش شتێکە ڕاستەوخۆ دەگەڕێتەوە بۆ حکومەت."

گوتی " حکومەت شکستی هێناوە لەوەی بەشێوەیەکی کاریگەر بەڕێوەبەرایەتی ئابوورییەکەمان بکات."

مایڵهام گوتیشی " بە تێکڕا لە ساڵێکدا گەشەیەکی لە سەدا 1.5 مان بینیوە، ئاشکرایە کە ئابوورییەکی کەم بەرهەممان هەیە، ئەوەش لە نرخی ئاڵوگۆڕی دراوی ڕاند – دۆلاردا ڕەنگیداوەتەوە."

حکومەتی ئەفریکای باشوور لێدوانی لەسەر داواکەی مانتاشی نەداوە. وەزیری پەیوەندی و هاریکارییە نێودەوڵەتییەکانی ئەفریکای باشوور نالێدی پاندۆ چەند جارێک وتوویەتی ئەفریکای باشوور بێباک نیە لەسەر ئەوەی چی ڕوودەدات لە ئۆکرانیادا، بەڵام پێی وایە ئەوە پرسێکی بەپەلەیە، دەبێت توندوتیژییەکان بوەستن و گفتوگۆی دیپلۆماتی ئەنجام بدرێت.

جێی ئاماژەیە لەم ساڵدا ئەفریکای باشوور لە نەتەوە یەکگرتووەکان سێ جار خۆی بەدوورگرتووە لە دەنگدان لە بەرژەوەندی سەرکۆنەکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا.

XS
SM
MD
LG