Accessibility links

دوو کۆریاکە لە مانگی چواردا کۆدەبنەوە


بەرپرسانی کۆریای باشوور وتیان دوو کۆریاکە یەکەمین کۆبوونەوەی لوتکەی خۆیان لە 27 ی مانگی چواردا ئەنجام دەدەن ئەوەش دوای دە ساڵ، دوای ئەوەی ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون بەڵێنیدا پابەند بێت بە نەهێشتنی چەکی ناوەکیی لە نیمچە دوورگەی کۆریادا.

ئەو بەرپرسانەی کە بەرواری کۆبوونەوەکەیان ئاشکرا کرد دوای کۆبوونەوە ئاست بەرزەکەیان لەگەڵ بەرپرسانی کۆریای باکووردا وتیان بابەتی سەرەکی کۆبوونەکە گفتوگۆکردن دەبێت لەسەر نەهێشتنی چەکی ناوەکیی لە نیمچە دوورگەی کۆریادا و هەروەها گفتوگۆکردن دەبێت لەسەر باشکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان دوو کۆریاکە.

دوو کۆریاکە لە گوندی بانمۆنگۆمی سنووریی ڕێکەوتن لەسەر سازکردنی کۆبوونەوەکە، کاتێک سەرۆکی کۆریای باشوور مون جەی ئین لەم مانگەدا شاندێکی نارد بۆ کۆریای باکوور تاوەکوو لەگەڵ کیم جۆنگ ئوندا کۆببنەوە.

کۆبوونەوەکەی ڕۆژی پێنجشەممە یەکەمین کۆبوونەوەی ئاست بەرز بوو لە نێوان دوو کۆریاکەدا لەو کاتەوەی شاندەکەی کۆریای باکوور گەڕانەوە بۆ وڵاتەکەی خۆیان.

هەردوولا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا وتیان لە چواری مانگی چواردا کۆبوونەوەیەکی کار ئەنجام دەدەن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر وردەکاریی کۆبوونەوە لوتکەکە، لەوانەش ڕێوشوێنی ئەمنی و بڵاوکراوەکانی ڕۆژنامەکان.

سەرۆکی لیژنەی یەکیەتی کۆریای باکوور ڕی سون جۆن لە لێدوانێکی کۆتاییدا بۆ شاندەکەی کۆریای باشوور وتی " هێشتا هەندێک بابەتمان هەیە کە پێویستە چارەسەر بکرێن لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکاندا بۆ کۆبوونەوە لوتکەکە."

وتیشی " بەڵام ئەگەر هەردوولا گرنگی مێژوویی ئەم کۆبوونەوەیە بزانن و هەرچی لەتوانایاندا بێت بۆی بکەن ئەوا دەتوانین بە خێرایی و بەشێوەیەکی هاوڕێیانە کێشەکان چارەسەر بکەین."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG