Accessibility links

سیئۆڵ: هەڵوەشاندنەوەی سەردانەکەی پەمپیۆ کاریگەری دەبێت لەسەر کردنەوەی نوسینگەی پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆریای باکووردا


کۆریای باشوور وتی هەڵوەشاندنەوە لەناکاوەکەی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆ بۆ کۆریای باکوور کاریگەری دەبێت لەسەر پلانەکانی کردنەوەی نوسینگەی پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆریای باکووردا.

سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لەناکاو سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆی بۆ کۆریای باکوور هەڵوەشاندەوە و بەشێوەیەکی ئاشکرا دانی بەوەدا نا کە هەوڵەکانی بۆ ڕازیکردنی کۆریای باکوور تاوەکو واز لە بەرنامە ناوەکییەکەی بهێنێت کۆسپی لەبەردەمدایە.

وتەبێژی کۆشکی شینی کۆریای باشوور کیم ئیوی کیوم وتی سەردانە هەڵوەشاوەکە ناکرێت بڵێین هیچ کاریگەرییەکی نابێت لەسەر پلانی کردنەوەی نوسینگەی پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆریای باکووردا.

کیم وتی " بیرمان لە کردنەوەی نوسینگەی پەیوەندییەکان دەکردەوە لە چوارچێوەی ئەو کۆبوونەوانەدا کە ڕێکخرابوون لەوانەش سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆ بۆ کۆریای باکوور و دواتر کۆبوونەوەی لوتکەی نێوان دوو کۆریاکە.

وتیشی " ئێستا دوای دەرکەوتنی هەڵوێستێکی نوێ، پێویستە بەپێی ئەوە لەسەرەتاوە پێداچوونەوەی بۆ بکەینەوە."

جێی ئاماژەیە کۆریای باشوور ڕاستەوخۆ لەسەر سنووری نێوان دوو کۆریاکە نوسینگەیەکی پەیوەندیی دروست دەکرد لە چوارچێوەی هەوڵەکانی سەرۆکی کۆریای باشوور مون جەی ئیندا بۆ باشکردنی پەیوەندییەکانی نێوان دوو کۆریاکە.

حکومەتی کۆریای باشوور وتی بەنیازە لە مانگی هەشتدا نوسینگەکە بکاتەوە. ئەمەش نیگەرانی خستەوە لەنێو ئۆپۆزسیۆن و چاودێرانی سیاسیی و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ناوخۆدا و ترسی ئەوەیان هەبوو کە گواستنەوەی کەلوپەلەکان بۆ نوسینگەکە پێشێلکردنی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمەریکا بێت دژی کۆریای باکوور.

وتەبێکی وەزارەتی یەکیەتی کۆریای باشوور وتی هەموو ئەو کەلوپەلانەی کە دەگوازرێنەوە تایبەتن بە نوسینگەکە و لە خزمەتی کارمەندانی کۆریای باشووردا دەبن و هیچ سوودێکی داراییان نابێت بۆ کۆریای باکوور.

XS
SM
MD
LG