Accessibility links

چەتەی دەریایی سۆماڵی کەشتیەک و تاقمەکەی بەبێ بەرامبەر ئازاد دەکەن


کەسوکاری تاقمی کەشتییەکە لە سریلانکا
کەسوکاری تاقمی کەشتییەکە لە سریلانکا

کاربەدەستانی ئاسایشی لە سۆماڵ دەڵێن چەتەکانی دەریا لە وڵاتەکەیان بەبێ بەرامبەر کەشتییەکی تانکەری نەوت و 8 کەسی تاقمی کەشتیەکەیان ئازادکرد.

ئازادکردنەکە ڕۆژی پێنجشەممە دوای ئەوە بوو کە شەڕە تەقەیەک لە نێوان چەتەکان و هێزی پۆلیسی دەریایی هەرێمی پونتلاندی سۆماڵ ڕوویدا، پاشان ڕیش سپی خێڵەکانی ناوچەکە کەوتنە ناوبژیوانی نێوانیان.

عەبدول ڕەحمان مەحمود حەسەن سەرۆکی پۆلیسی دەریایی هەرێمی پونتلاندی نیمچە سەربەخۆ وتی لە دوای شەڕە تەقەکە وتووێژیان کردووە و پاشان ڕێکەوتوون پۆلیس هێزەکانی بکێشێتەوە و چەتەکانیش ناوچەکە بەجێبهێڵن.

شایەتحاڵەکان بە بەشی سۆماڵی دەنگی ئەمەریکایان وت لە شەڕە تەقەکەدا دوو کەسی خەڵکی شارۆچکەی Haabo برینداربوون. وتوشیانە پۆلیس ڕێگەشیان لە بەلەمێک گرتبوو کە پـێیان وابووە خۆراک بۆ چەتەکان دەبات.

جۆن ستێد بەڕێوەبەری هەرێمی گروپی چاودێری ئۆقیانوسی بێ چەتە بە دەنگی ئەمەریکای وت چەتەکان دوو بژارەیان خرایە بەردەم ژیان یان مردن. ئیتر لە هەموو لایەکەوە گەمارۆدران و بوار بۆ دەربازبوونیان نەمایەوە.

شایەنی باسە کەشتییەکە کۆمپانیایەک خاوەنێتی کە بارەگاکەی لە ئیماراتی عەرەبییە، ڕۆژی دووشەممە لە نزیک کەنارەکانی سۆماڵ ڕفێندرا لەگەڵ 8 کەسی تاقمی کەشتییەکە کە هەموویان سریلانکین.

سەرچاوە/ VOA

XS
SM
MD
LG