Accessibility links

کۆنگرەی سوچی پشتیوانی لە یەک پارچەیی خاکی سوریا دەکات


بەپێی بەیاننامەیەکی کۆتایی کۆنگرەکە بەشداربووانی کۆنگرەی ئاشتی سوریا لە ڕوسیا داوایان کرد ڕێز لە یەک پارچەیی خاکی سوریا بگیردرێت و وتیان بە تەنها گەلی سوریا دەتوانن بڕیاری پێکهێنانی حکومەت بدەن.

جێی ئاماژەیە ڕوسیا میوانداریی کۆنگرەیەک دەکات کە پێی دەڵێت " کۆنگرەی گفتوگۆی نیشتیمانی سوریا " لە سوچی و هیوادارە ببێتە هۆی دەستپێکردنی دانوستانەکان سەبارەت بە دانانی دەستورێکی نوێ بۆ سوریا لە دوای جەنگەوە.

بەیاننامەکە دەڵێت هەمووان ڕێکەوتوون لەسەر بنەما سەرەکییەکان و وەکو پێویستییەک سەیری دەکەن بۆ ڕزگارکردنی سوریا دوای نزیکەی حەوت ساڵ لە جەنگی ناوخۆ و بڕیاریاندا وڵاتەکە بە ئاڕاستەیەکی دیموکراسیدا ببەن لەمیانەی هەڵبژاردنەکاندا.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بە سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد نەکراوە.

سەرۆکی شاندی ئۆپۆزسیۆنی سوریا ئەحمەد تەعمە وتی شاندەکەی بەشداری لە کۆنگرەی سوچی نەکردووە بەهۆی ئەوەوە کە مۆسکۆ ئەو بەڵێنانەی بەجێ نەهێناوە کە پێشتر دابووی سەبارەت بە کۆتایی هێنان بە بۆمبارانکردنی هاوڵاتیانی مەدەنی و لابردنی ئاڵا و لافیتەکانی ڕژێمی سوریا لە کۆنگرەکەدا.

تەعمە لە گرتەیەکی ڤیدیۆیدا دەڵێت " سەرمان سوڕما لەوەی هیچ کام لەو بەڵێنانەی ڕوسیا پێی دابووین جێبەجێ نەکرابوون، نە بۆمبارانکردنە دڕندانەکان وەستان و نە ئاڵا و لافیتەکانی ڕژێم لە کۆنگرەکەدا لابرابوون."

وتیشی " بۆیە شاندەکە بڕیاریدا بەشداری نەکات لە کۆنگرەی سوچیدا و بگەڕێتەوە بۆ ئەنقەرە، لە کاتێکدا شاندی تورکیا لە سوچی دەمێننەوە و هەوڵدەدەن داواکارییەکانیان جێبەجێ بکرێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG