Accessibility links

هۆزان عه‌فرینی:عه‌فرین جیاوازه‌ له كۆبانی


هۆزان عه‌فرینی نوێنه‌ری هاوپه‌یمانی نیشتمانی دیموكراتی سوری له‌عیراق و هه‌رێمی كوردستان

هۆزان عه‌فرینی نوێنه‌ری هاوپه‌یمانی نیشتمانی دیموكراتی سوری له‌عیراق و هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت،ڕوسیا خیانه‌تی له‌كوردی سوریا كرد و ئه‌گه‌ر ئه‌مریكاش تا چه‌ند ڕۆژی داهاتوو هه‌ر بێده‌نگ بێت ئه‌وا كۆمه‌ڵكوژی له‌ عه‌فرین ڕووده‌دات،ده‌شڵێت،عه‌فرین ناكه‌وێت،به‌ڵام عه‌فرین جیاوازی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ كۆبانێ چونكه‌ له‌كۆبانێ چه‌كداری داعش شه‌ڕی كوردی ده‌كرد به‌ڵام له‌عه‌فرین ناتۆ شه‌ڕی كورد ده‌كات و كه‌س هاوكاری كوردیش ناكات. "


هۆزان عه‌فرینی نوێنه‌ری هاوپه‌یمانی نیشتمانی دیموكراتی سوری له‌عیراق و هه‌رێمی كوردستان له‌وگفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا له‌باره‌ی دۆخی ئه‌مڕۆی عه‌فرینه‌وه‌ وتی"من حه‌ز ده‌كه‌م ڕاستیه‌كان بڵێم ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌(٢٠)ی ئه‌م مانگه‌وه‌ تۆپخانه‌كانی توركیا به‌درێژایی(١٧)كم له‌باكور و باشوری عه‌فرین هێزێكی زۆر به‌به‌رده‌وامی و چڕی بۆردومان ده‌كه‌ن به‌هه‌موو جۆره‌ چه‌كێكی پێشكه‌وتوی ناتۆ توركیا شه‌ڕی عه‌فرین ده‌كات،به‌ڵام تا ئێستا به‌ته‌نها له‌گوندی قوڕنه‌ كه‌ده‌كه‌وێته‌ سنوری باكوری عه‌فرین له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆر نزیكی سنوره‌ ئه‌وه‌ كه‌وتۆته‌ ژێرده‌ستی توركیا."

وتیشی"له‌ گوندی حه‌مام ئێستا شه‌ڕه‌ له‌نێوان سوپای توركیا و هێزه‌كانی یه‌په‌گه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و گونده‌ بگیرێت له‌لایه‌ن توركیاوه‌ ئه‌وا ناحیه‌ی جه‌مرێش ده‌كه‌وێته‌ مه‌ترسی چونكه‌ ئه‌وو ناحیه‌یه‌ زۆر ستراتیژییه‌ و لدواتردا مه‌ترسی بۆسه‌ر ئه‌و ناحیه‌یه‌ مه‌ترسیش بۆ سه‌ر عه‌فرین دروست ده‌كات."


هۆزان عه‌فرینی نوێنه‌ری هاوپه‌یمانی نیشتمانی دیموكراتی سوری له‌عیراق و هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌شی وت"به‌داخه‌وه‌ ڕوسیا خیانه‌تی له‌كورد كرد و كوردی به‌جێهێشت له‌عه‌فرین،ڕوسیا و توركیا و ڕژێمی سوریا و ئێران ڕێكه‌وتنیان كرد له‌كۆنگره‌ی ئه‌ستانه‌ تا عه‌فرین ڕاده‌ستی توركیا بكات وه‌ ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌كرێت له‌ئه‌ستۆی ڕوسیایه‌ چونكه‌ به‌پێی بڕیاری نێوده‌وڵه‌تی پاراستنی ئه‌و ناوچانه‌ له‌ئه‌ستۆی ڕوسیایه‌ به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ڕوسیا خیانه‌تی له‌ كورد و عه‌فرین كرد."

هه‌روه‌ها باسی له‌وه‌شكرد"ئێستا ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ئه‌مریكایه‌ كه‌بێده‌نگه‌ وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا تا چوار پێنج ڕۆژی تر بێده‌نگی نه‌شكێنێت ئه‌وا خه‌ڵكی عه‌فرین كۆمه‌ڵكوژ ده‌كرێن چونكه‌ تا ئێستا خه‌ڵكی عه‌فرین ده‌رنه‌چوون له‌شاره‌كه‌ ئه‌وانه‌ی ده‌رچوون عه‌ره‌بن كه‌كاتی خۆی وه‌ك په‌نابه‌ر هاتبونه‌ عه‌فرین به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئێستا یاده‌چنه‌ لای ڕژێمی سوریا یا ده‌چنه‌ لای توركیا."

پێشتر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا داوای كرد،سوپای توركیا له‌هێرشه‌كانیدا هاوڵاتیانی سڤیل نه‌كاته‌ ئامانج,به‌ڵام وادیاره‌ تا ئێستا كوردانی سوریا چاوه‌ڕێی هه‌ڵوێستی زیاتر له‌ هه‌رێمی كوردستانی عیراق ده‌كه‌ن.

له‌وباره‌یه‌وه‌ هۆزان عه‌فرینی نوێنه‌ری هاوپه‌یمانی نیشتمانی دیموكراتی سوری له‌عیراق و هه‌رێمی كوردستان به‌ده‌نگی ئه‌مریكای وت "ئێمه‌ هیچمان له‌هه‌رێمی كوردستان ناوێت چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیمان ناوێت ته‌نها هه‌ڵوێستی فه‌رمیمان ده‌وێت كه‌ له‌شكركێشی توركیا شه‌رمه‌زار بكات و پشتیوانی عه‌فرین بكات ئه‌مه‌ بۆ جیهان باشه‌ به‌ڵام بێده‌نگی خراپه‌،چاوه‌ڕێی كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستانین چونكه‌ لایه‌نه‌كانی كوردستان پێیان وتین له‌كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مان هه‌ڵوێستی خۆمان ده‌رده‌بڕین،وه‌ هه‌ڵوێستی حكومه‌تی عیراقیش نازانین چونكه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا حه‌یده‌ر عه‌بادی بانگهێشت كردوه‌ بۆ وڵاته‌كه‌ی به‌مه‌به‌ستی كۆبونه‌وه‌ تا پشتیوانی به‌ده‌ست بهێنێت."

سه‌باره‌ت به‌ژماره‌ی قوربانیه‌كانی عه‌فرین له‌ئه‌نجامی هێرشی توركیا بۆ سه‌ر ئه‌و شاره‌.هۆزان عه‌فرینی وتی"تا ئێستا ١٥ كوژراو هه‌یه‌ زیاتر له‌(٣٠)برینداریش هه‌یه‌ كه‌زیاترینیان خه‌ڵكی مه‌ده‌نین وه‌ كۆمه‌ڵكوژی كراوه‌ به‌تایبه‌ت (١١)كه‌سی یه‌ك خێزان كوژراون."

هۆزان عه‌فرینی باسی له‌وه‌شكرد كه‌"عه‌فرین جیاوازه‌ له كۆبانی چونكه‌ كۆبانی داعش شه‌ڕی ده‌كرد كه‌ چه‌كداربوون وه‌ فڕۆكه‌یان نه‌بوو ئه‌و هێزه‌شیان نه‌بوو،به‌ڵام عه‌فرین توركیا هێرشی كردۆته‌ سه‌ر كه‌ دووه‌م وڵاتی ناتۆیه‌ واته‌ ده‌توانین بڵێێن عه‌فرین شه‌ڕی ناتۆ ده‌كات."

عه‌فرینی وتیشی"ده‌بێت ئه‌مریكا و هه‌موو وڵاتان بزانن كه‌ ئه‌مه‌ چوار ڕۆژه‌ عه‌فرین خۆی له‌به‌ر هێرشی توركیا ڕاگرتووه‌ له‌كاتێكدا هیچ وڵاتێك ناتوانێت به‌وشێوازه‌ خۆی له‌به‌ر شه‌ڕی توركیا بگرێت ئه‌م چوار ڕۆژ به‌رخۆدانه‌ی عه‌فرین گه‌وره‌تره‌ له‌وه‌ی كۆبانی چونكه‌ له‌كۆبانی فڕۆكه‌ جه‌نگیه‌كان پشتیوانمان بوون به‌ڵام تا ئێستا هیچ كه‌س پشتیوانی عه‌فرینی نه‌كردووه‌ به‌داخه‌وه‌ ئه‌ڵمانیا و به‌ریتانیا مافیان داوه‌ به‌ توركیا بۆ ئه‌و هێرشانه‌."

هه‌روه‌ها وتی"عه‌فرین ناكه‌وێت ئه‌گه‌ر هه‌موو عه‌فرین شه‌هید بوون ئه‌وكات ده‌كه‌وێت."

سه‌باره‌ت به‌ كاریگه‌ری عه‌فرین له‌سه‌ر ئه‌گه‌ری داڕشتنه‌وه‌ی سیاسه‌تی كوردانی سوریا بۆ په‌یوه‌ندییه‌كنیان له‌گه‌ڵ وڵاتانی هاوپه‌یمانان نوێنه‌ری هاوپه‌یمانی نیشتمانی دیموكراتی سوری له‌عیراق و هه‌رێمی كوردستان"تائێستا كورده‌كان وه‌فایان به‌رامبه‌ر ئه‌مریكا هه‌بووه‌ به‌ڵام ئه‌گه‌ر عه‌فرین بكه‌وێت ئیتر هیچمان نه‌ له‌ ئه‌مریكا نه‌ له‌ده‌وڵه‌تانی هاوپه‌یمانان ده‌وێت ."

هۆزان عه‌فرینی وتیشی"توركیا شه‌ڕی عه‌فرین ناكات شه‌ڕی ئه‌مریكا ده‌كات چونكه‌ زۆرێكمان پێمان وایه‌ كه‌ كورد باجی په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌په‌گه‌ و ئه‌مریكا ده‌دات،ئێمه‌ له‌داهاتودا په‌یوه‌ندییه‌ سیاسیه‌كانمان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا به‌رده‌وام ده‌بێت به‌ڵام خه‌ڵكه‌كه‌ی دڵ له‌ئه‌مریكا شكاوه‌،پێش خیانه‌ته‌كه‌ش من خۆم له‌ عه‌فرین بووم خه‌ڵكه‌كه‌ هه‌ر ڕوسیایان نه‌ده‌ویست و ئه‌مریكایان ده‌ویست داوایان ده‌كرد ئه‌مریكا بێت."

please wait

No media source currently available

0:00 0:10:41 0:00

XS
SM
MD
LG