Accessibility links

داعش بەرپـرسیارێتی خۆی لە هێرشەکەی پاریس ڕاگەیاند


پۆلیس و وەزارەتی ناوخۆی فەڕەنسا ڕایانگەیاند پۆلیسێک کوژراوە و دووانی تر برینداربوون لە ئەنجامی تەقەکردنێکدا لە پاریس لە شەوی پێنجشەممەدا

تەقەکردنەکە لە بازاڕێکی سەر شەقامی شانزێلیزە ڕوویداوە و هێرشبەرەکەش کوژراوە ئەمەش لە کاتێکدا دێت کە چەند ڕۆژێک ماوە بۆ هەڵبژاردنەکانی فەڕەنسا بۆ سەرۆکایەتی فەڕەنسا.

ڕێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی خۆی ڕاگەیاند لە تەقەکردنەکە، لەڕێی دەزگای هەواڵیەکەی خۆیەوە " ئەعماق "، دەڵێت هێرشبەرەکە چەکداری خۆیەتی و ناوی ئەبو یوسف ئەلبەلجیکیـیە. سەرۆک فراسوا هۆڵاند وتی هێرشەکە هێرشێکی تیرۆریستی بووە.

شایەنی باسە فەڕەنسا لە ساڵی 2015 ەوە لە بارودۆخێکی ناهەمواردایە و هەمیشە لە ئامادەباشیدایە و تووشی زنجیرەیەک لە هێرشی چەکدارانی داعش بۆتەوە زۆربەی هێرشەکانیش لەلایەن کەسانێکەوە ئەنجامدراون کە لە فەڕەنسا و بەلجیکا گەورە بوون و لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 230 کەس لەو هێرشە تیرۆریستیانەدا کوژراون.

وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی فەڕەنسا پیێر هێنری براندێت وتی زوو بووە بۆ ئەوەی بزانین پاڵنەری ئەو تەقەکردنە چی بووە بەڵام ئەوە ڕوونە کە بە مەبەست تەقە لە پۆلیسەکان کراوە.

وتیشی " کەمێک دوای کاتژمێر 9 ی ئێوارە ئوتومبێلێک لە تەنیشت ئوتومبێلێکی پۆلیسەوە وەستاوە ، یەکسەر پیاوەکە لە ئوتومبێلەکە هاتۆتە دەرەوە و تەقەی لە ئوتومبێلی پۆلیس کردووە و پۆلیسێکی بریندار کردووە."

پۆلیسەکانی سەر شوێنی ڕووداوەکە وتیان گەڕاون بە شوێن هێرشبەری دووەمدا، براندێتیش وتی ناتوانن ئەو گریمانەیە لاببەن کە هێرشبەری تر هەبووبێت لە هێرشەکەدا یاخوود نا.

پۆلیسەکان هەروەها ماڵی هێرشبەرەکەشیان لە ڕۆژهەڵاتی پاریس پشکنیوە.

شایەتحاڵێک بە ڕۆیتەرزی وت " لە دوکانی سێفۆرا هاتمە دەرەوە و بەسەر شۆستەکەدا دەڕۆیشتم، پیاوێک هاتە دەرەوە و بە کڵاشینکۆف تەقەی لە پۆلیسەکان کرد."

سەرچاوە / ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG