Accessibility links

حەوت ویلایەتی ئەمەریکا قەدەغەکردنی هاتوچۆ درێژ دەکەنەوە


ئاندرو کومۆ
ئاندرو کومۆ

حەوت ویلایەتی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەمەریکا قەدەغەکردنی هاتوچۆیان تاوەکو 15 ی مانگی پێنج درێژکردەوە، ئەمەش بەمەبەستی ڕێگریکردن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

ئەم هەنگاوەش لەکاتێکدایە سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ڕایگەیاند ئامادەیە پلانەکەی بۆ کۆتای هێنان بە کۆتوبەندەکانی سەر ئەو ویلایەتانە بخاتەڕوو کە ڤایرۆسەکە کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەریان نەبووە.

فەرمانڕەوای ویلایەتی نیویۆرک ئاندرو کومۆ فەرمانی مانەوە لە ماڵەوەی بۆ دوو هەفتەی دیکە درێژکردەوە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی ژمارەی ئەو کەسانەی کە بەهۆی توشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە ڕەوانەی نەخۆشخانەکان دەکرێن کەمبۆتەوە. کومۆ وتی کۆتوبەندەکانی سەر کارەکان و ژیانی کۆمەڵایەتی درێژ دەکرێنەوە، ئەمەش بە هەماهەنگی لەگەڵ شەش ویلایەتی دراوسێی نیویۆرکدا کە ڕێکەوتوون لەسەر ئەوەی هەوڵێکی ناوخۆیی بدەن بۆ کردنەوەی ویلایەتەکانیان.

هەفتەی ڕابردوو لۆس ئانجلس کۆتوبەندەکانی تاوەکو 15 ی مانگی پێنج درێژکردەوە، هەروەها واشنتنیش ڕۆژی چوارشەممە هەمان ڕێوشوێنی گرتەبەر.

کومۆ وتی " دوای ئەوە چی ڕوودەدات نازانم، بزانین چۆن دەبێت، بابەتەکە پەیوەستە بە داتاکانەوە."

ڕۆژی چوارشەممە ئەمەریکا 2,500 حاڵەتی گیان لەدەستدانی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تۆمارکرد. کۆی ژمارەی گیان لەدەستدانەکان لە ئەمەریکا تاوەکو ئێستا31,000 کەسی تێپەڕاندووە.

هاوکات لەگەڵ ئەم هەنگاوەی ئەو حەوت ویلایەتەی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەمەریکادا، سێ فەرمانڕەوای سێ ویلایەتی ڕۆژئاوای وڵاتەکە هاوپەیمانێتیەکی هاوشێوەیان دروست کردووە تاوەکو هەماهەنگی بکەن لەنێوانیاندا بۆ کاتی کردنەوەی ویلایەتەکانیان، ئەو 10 ویلایەتە زۆرینەیان لەلایەن دیموکراتەکانەوە ڕابەرایەتی دەکرێن، هەروەها بە هەموویان لە سەدا 38 ی ئابووری ئەمەریکا پێکدەهێنن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG