Accessibility links

دیموکراتەکان داوا لە وەزیری داد دەکەن واز لە پۆستەکەی بهێنێت


دیموکراتەکان لە کۆنگرێس داوایان لە جێف سێشنز وەزیری داد کردووە خۆی لە لێکۆڵینەوەیەک بکشێنێتەوە سەبارەت بە دەستێوەردانی ڕووسیا لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی مانگی یازدەی ساڵی ڕابردوو یان واز لە پـۆستەکەی بهێنێت، ئەمەش پاش ئەوەی زانرا سێشنز ساڵی ڕابردوو لەگەڵ باڵیۆزی ڕووسیا لە ئەمەریکا کۆبۆتەوە.

سێشنز پشتیوانی لە سەرۆک دانۆڵد ترامپ کرد بۆ گرتنە دەستی سەرۆکایەتی و وەک ڕاوێژکارێکی لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان کاری بۆ کردبوو و لەگەڵ ئەوەش سیناتۆر بوو.

پاش ئەوەی لە لایەن سەرۆک ترامپەوە دەسـتنیشانکرا بۆ گرتنەدەستی وەزارەتی داد، سێشنز لە کاتی گوێگرتن لێی لە ئەنجومەنی سینات لە مانگی یەک بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی شیاوی بۆ گرتنەدەستی ئەو پـۆستە، پرسیاری لێکرا ئایە چی دەکات ئەگەر دەربکەوێت یەکێک لەوانەی لە نێو هەڵمەتەکەی سەرۆک ترامپدا پەیوەندی لەگەڵ ڕووسیا هەبووە، ئەویش لە وەڵامدا وتی هیچ پەیوەندی لەگەڵ ڕووسیا نەبووە و ناتوانێت قسە لەسەر ئەمە بکات.

سێشنز لە مانگی حەوتی ساڵی ڕابردوو لە پەراوێزی کۆنگرەی نیشتمانی کۆمارییەکان لەگەڵ سێرگێی کیسلیاک باڵیۆزی ڕووسیا کۆبۆتەوە و هەروەها جارێکی تریش لە مانگی نۆ لە بینای کۆنگرێس.

سارا ئسگور فلۆرێس خانمە وتەبێژی وەزارەتی داد وتی قسەکەی سێشنز لە کاتی گوێگرتن لێی لە ئەنجومەنی سینات " بێگومان هیچ بە هەڵەدابردن نەبووە."

وتیشی "ئەو لە کاتی گوێگرتنەکە پرسیاری لێکرابوو سەبارەت بە پەیوەندی نێوان ڕووسیا و هەڵمەتی هەڵبژاردنی ترامپ، نەک سەبارەت بەوەی وەک سیناتۆرێک و ئەندامی کۆمیتەی هێزە چەکدارەکان کۆبۆتەوە."

پاشان سێشنز لە بەیاننامەیەکیدا گوتی ئەو " هەرگیز لەگەڵ هیچ کاربەدەستێکی ڕووسیا کۆنەبۆتەوە بۆ قسەکردن لەسەر پرسی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی."

سەرچاوە/ VOA

XS
SM
MD
LG