Accessibility links

سیئۆل حەز دەکات هێزەکانی ئەمەریکا بمێننەوە سەرەڕای هەر پەیماننامەیەک لەگەڵ کۆریای باکووردا


کۆریای باشوور ڕایگەیاند بابەتی هێزەکانی ئەمەریکا لە وڵاتەکەدا هیچ پەیوەندییەکی نیە بە هەر پەیماننامەیەکی ئاشتیەوە کە لەوانەیە لە داهاتوودا لەگەڵ کۆریای باکووردا واژۆ بکرێت و هێزەکانی ئەمەریکا دەبێت بمێننەوە تاوەکو ئەو پەیماننامەیە واژۆ دەکرێت.

وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆریای باشوور کیم ئوی کیۆم لە زاری سەرۆکی کۆریای باشوور مون جەی ئینەوە بڵاویکردەوە " هێزەکانی ئەمەریکا لە کۆریای باشوور بابەتێکە پەیوەندی بە هاوپەیمانێتی نێوان کۆریای باشوور و ئەمەریکاوە هەیە و هیچ پەیوەندییەکی نیە بە واژۆکردنی پەیماننامە ئاشتییەکانەوە."

ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی مون چۆنگ وتی زۆر قورس دەبێت بیانوو بۆ بوونی هێزەکانی ئەمەریکا لە کۆریای باشوور بهێنرێتەوە ئەگەر هاتوو ئەو پەیماننامە ئاشتیە واژۆ بکرێت دوای ئەوەی هەردوو کۆریاکە هەفتەی ڕابردوو لە کۆبوونەوەیەکی مێژوویدا ڕێکەوتن لەسەر ئەوەی کۆتایی بە ناکۆکیەکانی نێوانیان بهێنن.

بەرپرسێکی دیکەی سەرۆکایەتی وتی سیئۆل حەز دەکات هێزەکانی ئەمەریکا لە وڵاتەکەدا بمێننەوە چونکە ڕۆڵی نێوەندگیر دەبینن لە ڕووبەڕووبوونەوە سەربازییەکانی نێوان دراوسێکانیدا وەکو چین و ژاپۆن.

جێی ئاماژەیە ئەمەریکا ئێستا 28500 سەربازی لە کۆریای باشوور هەیە. کۆریای باکووریش لەو ماوەیەی ڕابردوودا وەکو یەکێک لە مەرجەکانی دەستبەرداربوون لە بەرنامە ناوەکی و موشەکییەکەی داوای کرد ئەو هێزانە لە کۆریای باشوور نەمێنن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG