Accessibility links

سیاسەتمەداران: ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەنگ دەدات لەسەر سەپاندنی سزای نوێ بەسەر کۆریای باکووردا


سیاسەتمەداران ڕایانگەیاند دوانیوەڕۆی ئەمرۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەنگ دەدات لەسەر پڕۆژە یاسایەکی سەپاندنی سزای نوێ بەسەر کۆریای باکووردا کە ئەمەریکا پڕۆژە یاساکەی داڕشتووە بەڵام ڕوون نیە چین و ڕوسیا پشتیوانی لە بڕیارەکە دەکەن یان نا.

تێپەڕاندنی پڕۆژە یاساکە پێویستی بە نۆ دەنگ هەیە بەبێ ئەوەی هیچ کام لە ئەمەریکا و بەڕیتانیا و ڕوسیا و فەڕەنسا و چین مافی ڤیتۆ بەکاربهێنن.

لەلای خۆشیانەوە کۆریای باکوور ئەمەریکایان ئاگادارکردەوە لەوەی کە سەرکردایەتی دەرکردنی بڕیاری سەپاندنی سزا نوێیەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکات دژی تاقیکردنەوە ناوەکییەکەی کۆریای باکوور و فشار خستنە سەر ئەنجومەنی ئاسایش بۆ پەسەندکردنی سزای زیاتر بەسەر کۆریای باکووردا.

بەرپرسانی کۆریای باشوور دوای شەشەم تاقیکردنەوەی ناوەکی کۆریای باکوور لە سێی مانگی نۆدا وتیان کۆریای باکوور لەوانەیە لەدژی فشارە نێودەوڵەتییەکان موشەکێکی بالیستیکی کیشوەربڕ هەڵبدات.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکوور وتی ئەمەریکا هەوڵدەدات نەتەوە یەکگرتووەکان بهێنێتە ناو بابەتی تاقیکردنەوە ناوەکییەکەی پیۆنگیانگەوە کە تەنها ڕێوشوێنێکن بۆ بەرگریکردن لە خۆمان.

وتەبێژەکە لە بەیاننامەیەکدا کە دەزگای هەواڵی فەڕمی کۆریای باکوور بڵاویکردەوە دەڵێت " ئەگەر هاتوو نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕاستی بڕیارە نایاساییەکەیان پەسەند کرد بۆ سەپاندنی سزای توندتر بەسەر کۆریای باکووردا ئەوا ئەمەریکا بەدڵنیاییەوە باجەکەی دەدات."

دەزگای هەواڵی کۆریای باکوور ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کیم جۆنگ ئون ئاهەنگێکی گەورەی ساز کردووە بۆ زانایانی بواری ناوەکی و سەرکردە سەربازییە باڵاکان و بەرپرسانی حیزبەکە کە بەشداربوون لە تاقیکردنەوە ناوەکییەکەدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG