Accessibility links

سیاسەتمەداران: ڕۆژی هەینی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەبارەت بە قودس کۆدەبێتەوە


سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گوتێرێس
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گوتێرێس

سیاسەتمەداران وتیان ئەنجومەنی ئاسایشی نێودوڵەتی ڕۆژی هەینی کۆبوونەوەیەک ئەنجام دەدەن لەسەر داوای هەشت ئەندامی ئەنجومەنەکە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ سەبارەت بە قودس کە وەکو پایتەختی ئیسڕائیل ناساندی.

سیاسەتمەداران وتیان داواکە پێشکەشی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گوتێرێس کراوە بۆ پێشکەشکردنی بەیاننامەیەی ئاشکرا لەبەردەم ئەنجومەنی ئاسایشدا و داواکە لەلایەن فەڕەنسا و پۆلیڤیا و میسڕ و ئیتاڵیا و سەنیگال و سوید و بەڕیتانیا و ئۆرۆگوایەوە پێشکەش کراوە.

لە لێدوانێکدا لە واشنتن سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ڕۆژی چوارشەممە وازی لە هەموو سیاسەتەکانی ئەمەریکا هێنا کە بۆ ماوەی دەیان ساڵە پەیڕەوی دەکەن سەبارەت بە قودس و بڕیارێکی ڕاگەیاند تیایدا قودسی وەکو پایتەختی ئیسڕائیل ناساند و هەموو ئاگادارکردنەوەکانی جیهانی پشت گوێ خست سەبارەت بەوەی کە ئەم هەنگاوە لەوانەیە ببێتە هۆی زیادبوونی گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

سەرۆکەکانی پێشووی ئەمەریکا سووربوون لەسەر ئەوەی قودس کە شوێنی پیرۆزی جوولەکە و موسوڵمان و مەسیحییەکانی تێدایە، دەبێت لەڕێی دانوستانەکانی نێوان دوو وڵاتەکەوە یەکلایی بکرێتەوە.

نوێنەری سوید لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی چوارشەممە وتی " نەتەوە یەکگرتووەکان دۆخێکی یاسایی و سیاسیی بۆ قودس داناوە و داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کردووە ڕێزی لێبگرێت. لەبەر ئەوەیە ئێمە پێمان وایە دەبێت ئەنجومەنەکە بەپەلە گفتوگۆ لەسەر بابەتەکە بکات."

ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە مانگی دوانزەی ساڵی ڕابردوودا بڕیارێکی دەرکرد کە جەخت لەوە دەکاتەوە دان نانێت بە هیچ گۆڕانکارییەک لە هێڵەکانی چواری مانگی حەوتی ساڵی 1967 دا و ئەوە قودسیش دەگرێتەوە.

دوای ڕاگەیاندنەکەی سەرۆک ترامپ لە ڕۆژی چوارشەممەدا، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گوتێرێس وتی " بە بەردەوامی دژی گرتنەبەری هەر ڕێوشوێنێکی تاکلایەنانە قسەم کردووە کە ببێتە هۆی ئەوەی هەوڵەکانی دانوستانەکانی ئاشتی نێوان فەڵەستینییەکان و ئیسڕائیلیەکان بخاتە مەترسیەوە."

گوتێرێس بە ڕۆژنامەنووسانی وت " لەم ساتە پڕ نیگەرانییەدا دەمەوێت ڕوونکردنەوەیەک بدەم، هیچ بەدیلێک نیە بۆ چارەسەری دوو وڵاتەکە، هیچ پلانێکی دووەم نیە. هەرچی لە توانامدا بێت دەیکەم بۆ پشتیوانیکردنی ڕابەرانی ئیسرائیل و فەڵەستین بۆ گەڕانەوە بۆ دانوستانەکان."

لە کاردانەوەیەکی تردا سەبارەت بە بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ، ئەمڕۆ سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان وتی بڕیارەکەی ئەمەریکا بۆ ناساندنی قودس وەکو پایتەختی ئیسڕائیل بەتەواوەتی بڕیارەکەی نەتەوە یەکگرتووەکانی پێشێل کردووە کە لە ساڵی 1980دا دەرکراوە سەبارەت بە دۆخی شارەکە.

ئەردۆگان وتیشی بڕیارەکە ناوچەکە دەخاتە بازنەی ئاگرەوە.

لە کاردانەوەیەکی دیکەی وڵاتانی عەرەبیدا دژی بڕیارەکەی سەرۆک ترامپ، دەزگای هەواڵی ئیماڕات بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی ئیماڕاتی بڵاوکردەوە تیایدا هاتووە دەڵێت وڵاتی ئیماڕات بە تەواوەتی سەرکۆنەی بڕیارەکەی ئەمەریکا دەکات سەبارەت بە ناساندنی قودس وەکو پایتەختی ئیسڕائیل.

لە بەیاننامەکە هاتووە دەڵێت " نیگەرانی وەزارەتەکە دەردەبڕین سەبارەت بەم بڕیارە و ئەو گرژییانەی کە دروستی دەکات لە ناوچەکەدا و هەروەها هەستی گەلانی عەرەبی و ئیسلامی بریندار دەکات بەبەرچاوگرتنی پێگەی قودس لە دڵی عەرەب و ئیسلامدا."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG