Accessibility links

ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەیاننامەیەکی سەبارەت بە گرژییەکانی نێوان بەغداد و هەرێم بڵاوکردەوە


ئەمڕۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەکی داخراوی نافەڕمی ساز کرد سەبارەت بە ڕەوشی نێوان بەغداد و هەولێر.

سەرۆکی ئەنجومەنەکە و هەروەها نوێنەری فەڕەنسا لە نەتەوە یەکگرتووەکان فرانسوا دیلاترێ بە ڕۆژنامەنووسانی وت " دوای کۆبوونەوەکەمان سەبارەت بە ڕەوشی عێراق، ئەمە چەند خاڵێکە کە ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ڕێکەوتوون لەسەری و منیش ئەوەندەی لە توانامدابێت وەکوو سەرۆکی ئەنجومەنەکە بۆتان دەخوێنمەوە."

" ئەندامانی ئەنجومەنەکە نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بە زیادبوونی گرژییەکان و هەواڵی کەوتنەوەی توندوتیژی لەنێوان هێزە فیدڕاڵیەکانی عێراق و پێشمەرگەدا.

ئەندامانی ئەنجومەنەکە داوایان لە هەموو لایەنەکان کردووە واز لە بەکارهێنانی هێز و هەڕەشە بهێنن و دەست بکەن بە ئەنجامدانی گفتوگۆی بنیاتنەرانە و ئاسانکردنی گفتوگۆکان لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ئەگەر داوای لێبکرێت وەکو دەرچەیەک بۆ ڕێگەگرتن لە زیادبوونی گرژییەکان و ئامڕازێک بۆ پاراستنی یەکگرتوویی عێراق.

ئەندامانی ئەنجومەنەکە جەختیان لەسەر پێویستی ئەوە کردۆتەوە کە دەبێت مافەکان و پایەی هەموو هاوڵاتیانی عێراق لەگەڵ دەستوری عێراقدا یەکگبگرێتەوە.

ئەندامانی ئەنجومەنەکە تێبینی ئەوەیان کردووە کە حکومەتی فیدڕاڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەردوولایان دەیانەوێت گفتوگۆ ئەنجام بدەن. ئێمە هانیان دەدەین بەخێرایی کاتێک دابنێن بۆ ئەو گفتوگۆیانە.

ئەندامانی ئەنجوومەنەکە ڕێزی خۆیان دووپاتکردەوە بۆ سنوور و ڕاستێتی ناوچەکان و هەروەها ڕێزی خۆیان دووپاتکردەوە بۆ یەکگرتوویی عێراق. هەروەها جەختیان لەسەر پێویستی گرنگیدان بە هەوڵەکان بۆ شکستپێهێنانی داعش کردۆتەوە لە عێراق و شام. ئەندامانی ئەنجومەنەکە پشتیوانی تەواوی خۆیان دەربڕی بۆ هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بەم بابەتە."

XS
SM
MD
LG