Accessibility links

ئەمەریکا داوا لە وڵاتان دەکات هاوڵاتیانی خۆیان ببنەوە ئەوانەی لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە دەستگیرکراون


وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا داوای لە وڵاتان کردووە ئەو هاوڵاتیانەیان ببنەوە کە چەکداری داعش بوون و لە لایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە دەستگیرکراون.

ڕۆبەرت پاڵادینۆ جێگری گوتەبێژی وەزارەتەکە ئەمڕۆ دووشەممە لە ڕاگەیاندنێکدا نووسیویەتی:

"ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پـێزانینی هەیە بۆ ئەو کارانەی هێزەکانی سوریای دیموکرات ئەنجامیان داوە لە بری هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش. هاوکاتی ئەوەی بە ئازایەتی و سووربوونی خۆیان ناوچەکەیان لە داعش ڕزگارکرد، بە سەدان چەکداری بیانی تێرۆستیشیان دەستگیرکردووە کە خەڵکی دەیان وڵاتانی جیهانن. بە تێکۆشانی ئەوان ئێستا داعش لاوازبووە و بەردەوامە لە لاوازبوون و لەگەڵ ئەوەشدا جیهان زیاتر پارێزراوبووە.

سەرەڕای ئەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕووبەڕووی دوژمنێکی دڕندە دەبوونەوە، بەڵام وابەستەیەکی ڕوون و ئاشکرایان هەبووە لە دەستگیرکردنی هەر تاکێکی ئەوانە بە سەلامەتی و بە شێوەیەکی مرۆیـیانە. وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا داوا لە وڵاتانی دیکە دەکات ئەم هاوڵاتیانەی خۆیان کە هێزەکانی سوریای دیموکرات دەسـتگیریان کردوون بیانبەنەوە و دادگایـیان بکەن، وە ستایشی هێزەکانی سوریای دیموکرات بکەن بۆ ئەو هەوڵە بەردەوامانەی دەیدەن لە پـێناو گەڕاندنەوەی ئەو چەکدارە تێرۆرستانە بۆ وڵاتانی خۆیان.

سەرەڕای ڕزگارکردنی ناوچەکانی داعش کۆنترۆڵی کردبوون لە عێراق و سوریا، بەڵام هێشتا داعش جێی هەڕەشەیەکی گەورەیە، بۆیە کاری بە کۆمەڵ زۆر پـێویستە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم هەڕەشەیە کە جێی مەترسیـیە بۆ سەر ئاسایشی نێودەوڵەتی."

جێی ئاماژەیە لە مێژەوە هێزەکانی سوریای دیموکرات داوا لە وڵاتان دەکەن ئەو هاوڵاتیانەی خۆیان ببنەوە، دەڵێن بوونەتە بارێکی گران بەسەر شانیانەوە.

XS
SM
MD
LG