Accessibility links

عەرەبستانی سعودیە داوای هێڵێکی جیاکردنەوەی چۆڵکراو لە سەر سنوری وڵاتەکەی لەگەڵ یەمەن دەکات


سێ سەرچاوەی جیاواز ڕایانگەیاندووە عەرەبستانی سعودیە لە وتووێژی نهێنیدا لەگەڵ حوسیەکانی یەمەن گوتویەتی پێشنیاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئاگربەستێکی سەرتاسەری واژۆ دەکات ئەگەر بێتو ئەو گرووپەی سەر بە ئێران بە درێژایی سنوورەکانی هێڵێکی جیاکردنەوەی چۆڵکراو لە نێوان هەردوو وڵات قبوڵ بکات.

ئەگەر رێککەوتن بکرێت ئەوا گەورەترین دەستکەوتی سیاسی دەبێت لەوەتای ساڵی2014 وە کە ناکۆکی و شەڕی هێزەکانی سەر بە ئێران و عەرەبستانی سعودیە دەستیپێکردوە.

جۆو بایدن سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنیدا بەڵێنی دا فرۆشتنی چەک بە عەرەبستانی سعودیە، کە گەورەترین کڕیاری چەکی ئەمەریکایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕابگرێت و فشار بخاتە سەر ڕیاز بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕەی کە خراپترین قەیرانی مرۆیی جیهانی لێ کەوتۆتەوە.

سەرچاوەکان ڕایانگەیاند حوسیەکان کە کۆنترۆڵی باکووری یەمەن و گەورەترین ناوچە ئاوەدانەکان دەکەن، ڕەنگە کەمتر ئامادەبن رێککەوتن لەگەڵ عەرەبستانی سعودیەدا بکەن ئەگەر بێتو دانۆڵد ترامپ پێش کۆتایی هاتنی خولەکەی ئەو گروپە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بیانی (FTO) دیاری بکات.

واشنتۆن و ڕیاز ئەو گروپە چەکدارەی یەمەن وەک هێزی سەر بە ئێران درێژەدان بە دەستێوەردانەکانی ئێران لە ناوچەکەدا دەبینن.

وتەبێژی هاوپەیمانی بە ڕێبەرایەتی عەرەبستانی سعودیە و وتەبێژی حوسیەکان وەڵامی داواکارییان بۆ لێدوان لەم بارەیەوە نەداوەتەوە.

دوو لە سەرچاوەکان ڕایانگەیاندووە بەم دواییانەموحەمەد عەبدول سەلام وەک لایەنێکی سەرەکی حوسیەکان لەگەڵ پلە بەرزێکی عەرەبستانی سعودیە لە ڕێگای ئەلکترۆنییەو دەستیان بە گفتوگۆ کردووە.

سەرچاوەکان دەڵێن ڕیاز داوای دڵنیایی ئەمنی زیاتری کردووە لە حوسیەکان، لەوانە دانانی هێڵێکی جیاکردنەوەی چۆڵکراو لە باکوری یەمەن تا کاتێک کە حکومەتی گواستنەوە بە پشتگیری نەتەوە یەکگرتووەکان پێکدێت.

ڕیاز داواشی کردووە هێزە حوسییەکان ڕێڕەوێک لەسەر سنوری عەرەبستانی سعودیە بەجێبهێڵن تا بتوانێت ڕێگری لە هێرش و ئاگرکەوتنەوەی تۆپخانەکان بکات.

لە بەرامبەردا، عەرەبستانی سعودیەش گەمارۆی ئاسمانی و دەریایی وەک بەشێک لە پێشنیاری نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ ئاگربەست کەم دەکاتەوە.

ساڵی ڕابردوو ڕیاز گفتوگۆی ناڕاستەوخۆی لەگەڵ حوسیەکان دەستپێکرد، چونکە بەدوای ڕێگایەکدا دەگەڕێت بۆ دەرچوون لەو ململانێیەی کە بوو بە هۆی ڕەخنەی بایدن و کوژرانی دەیان هەزار کەس و هەروەها خراپ کردنی ناوبانگی محەمەد بن سەلمانی عەرەبستانی سعودیەش.

دوو لە سەرچاوەکان کە ڕەتیان کردووەتەوە ناویان ئاشکرا بکرێت چونکە مافی ئەوەیان نییە بۆ میدیاکان قسە بکەن وتیان کە بەڕێوەبەرایەتی ترامپ بۆ پشتیوانیکردن لە سعودییەکان، فشاری بۆ سەر حوسیەکان دروست کردووە لە ڕێگای هەڕەشەکردن لە دانانی ئەو گروپە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی.

ئەوان دەشڵێن کە هەر بڕیارێک لەلایەن واشنتۆنەوە بدرێت بۆ ئەوەی حوسیەکان بخاتە لیستی ڕەشەوە وەک بەشێک لە کەمپەینی "ئەوپەڕی فشار" لە دژی تاران، ئەوا"وێرانکەر" دەبێت و هەوڵەکانی چەندین ساڵە بۆ ئاشتی بە ڕابەرایەتی مارتین گریفیت، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و باڵیۆزەکانی دیکەی رۆژئاوا بە خەسار دەدات.

یەکێک لە سەرچاوەکان ڕایگەیاند کە پسپۆڕانی ئیدارەی ئەمریکا ئامۆژگاری ترامپیان کردووە لە دژی داڕەشتنی FTO.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وەڵامی داواکارییەکی ڕۆیتەرزی بۆ لێدوان لەم بارەیەوە نەدایەوە.

گفتوگۆە نەهێنییەکانی نێوان عەرەبستانی سعودیە و حوسیەکاندا هاوکات لەگەڵ هەوڵەکانی گریفیت بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتن لەسەر ئاگربەست، ماوەی ساڵێکە بەردەوامە.

بە پێی قسەی ئەو دوو سەرچاوەیە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان کار بۆ ئەوە دەکات کە پێش کۆتایی ساڵ کۆبوونەوەیەکی ڕووبەڕوو دەستەبەر بکات بۆ هەردوو لایەن و هەروەها ڕێککەوتنێک لەسەر ڕاگەیاندنێکی هاوبەش کە هەموو دوژمنایەتییە ئاسمانی و زەمینی و دەریاییەکان ڕادەگرێت.

XS
SM
MD
LG