Accessibility links

سعودیە ئامادەیی خۆی نیشان دەدات بۆ ڕەوانەکردنی هێز بۆ سوریا


وەزیری دەرەوەی سعودیە عادل جوبەیر

وەزیری دەرەوەی سعودیە عادل جوبەیر وتی وڵاتەکەی ئامادەیە لە چوارچێوەی ئەو هاوپەیمانێتییەدا کە ئەمەریکا ڕابەرایەتی دەکات هێز ڕەوانەی سوریا بکات، ئەگەر هاتوو ئەمەریکا بڕیار بدات هاوپەیمانێتییەکە فراوانتر بکات.

جوبەیر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش لە ڕیاز وتی " گفتوگۆ لەگەڵ ئەمەریکادا دەکەین سەبارەت بە ڕەوانەکردنی هێز بۆ سوریا، ئێمە لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی سوریاوە ئەو گفتوگۆیانەمان ئەنجامداوە."

وتیشی سعودیە پێشتر پێشنیاری کردووە بۆ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا باراک ئۆباما تاوەکو هێزی وشکانی بنێرێت بۆ سوریا ئەگەر واشنتن بڕیار بدات هاوپەیمانێتیەکە فراوانتر بکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوی داعش.

ئەم لێدوانەی جوبەیر لە کاتێکدا هات کە ڕۆژنامەنووسان پرسیاریان لێکرد سەبارەت بە لێدوانەکەی بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ کە لە ماوەی ڕابردوودا ڕایگەیاندبوو دەیەوێت هێزە عەرەبییەکان شوێنی سەربازە ئەمەریکییەکانی ناو سوریا بگرنەوە.

جوبەیر وتی " گفتوگۆ هەیە لەسەر چۆنێتی ئەو هێزانەی کە دەبێت بوونیان هەبێت لە ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئەو گفتوگۆیانەش ئێستا بەردەوامن."

وتەبێژی کۆشکی سپی سارا ساندەرز ڕۆژی دووشەممە وتی سەرۆک ترامپ حەز دەکات هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا بکشێنێتەوە بەڵام کاتێکی دیاری نەکردووە بۆ کشانەوەکە، ئەوەش دوای دوو ڕۆژ لە هێرشە ئاسمانییە هاوبەشەکانی ئەمەریکا و بەڕیتانیا و فەڕەنسا بۆ سەر ئامانجە سورییەکان وەکو وەڵامدانەوەیەک بۆ بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن سوریاوە.

بەرپرسێکی ئەمەریکی بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی وت ئێستا ئەمەریکا بیر لەوە دەکاتەوە چ هێزێک دەکرێت شوێنی بگرێتەوە لەو ناوچانەی سوریادا کە پێشتر لەژێر دەستی چەکدارانی داعشدا بوون، ئەمەش لە کاتێکدا ئەگەر ئەمەریکا بیەوێت بوونی سەربازیی خۆی لە وڵاتەکەدا کەم بکاتەوە. بەڵام تا ئێستا هیچ بڕیارێک دەرنەکراوە.

میری سعودیە محەمەد بن سەلمان پێش هێرشە ئاسمانییەکانی ڕۆژئاوا بۆ سەر سوریا وتی سعودیە لەوانەیە بەشداری کردەوەی سەربازیی بکات لە سوریادا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG