Accessibility links

لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانانی عەرەب بە سەرکردایەتی سعودیە 14 هاوڵاتی مەدەنی لە یەمەن دەکوژرێن


دانیشتوان و شایەتحاڵەکان وتیان لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانانی عەرەب بە سەرکردایەتی سعودیە بۆ سەر سێ ماڵ لە سەنعای پایتەختی یەمەن 14 هاوڵاتی مەدەنی کوژران کە منداڵ و ئافرەتیشیان تێدایە.

ئەمە دوایین هێرشی ئاسمانی هاوپەیمانی عەرەبە کە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا دەستیان کردووە بە هێرشە ئاسمانییەکانیان دژی شیعەکانی یەمەن "حوسییەکان" کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانیان لێدەکرێت لە هەوڵیاندا بۆ ئەوەی حکومەتی یەمەن بهێننەوە سەر دەسەڵات.

لەمدواییانەدا هێرشەکانی سەر پایتەختی یەمەن بنکە سەربازییەکان و شوێنەکانی دیکەی حوسییەکانی کردۆتە ئامانج، ڕۆژی چوارشەممە فڕۆکەیەکی جەنگی هاوپەیمانانی عەرەبی هۆتێلێکیان لە شارۆچکەی ئەرحەب کردە ئامانج و لە ئەنجامدا 41 کەس کوژران.

حوسییەکان زۆربەی باکووری یەمەنیان بەدەستەوەیە بە سەنعاشەوە.

هاوپەیمانانی عەرەب بە سەرکردایەتی سعودیە هێرشیان کردۆتە سەر خویندنگەکان و بازاڕەکان و هەزاران هاوڵاتی مەدەنیان کوشتووە و وایان لە چالاکەوانان کردووە کە هاوپەیمانەکان تۆمەتبار بکەن بە تۆمەتی تاوانی جەنگ. چالاکەوانان داوایان لە وڵاتانی ڕۆژئاوا کردووە بە ئەمەریکا و بەریتانیاشەوە کە یارمەتییە سەربازییەکانیان بۆ هاوپەیمانانی عەرەب بوەستێنن.

ناکۆکییەکان بوونەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 10,000 هاوڵاتی مەدەنی و 3ملیۆن کەسی ناچارکردووە شوێنەکانیان بەجێ بهێڵن.

سەرچاوە/ VOA

XS
SM
MD
LG