Accessibility links

یەکەمین پەیوەندی تەلەفونی نێوان بایدن و پاشای سعودیە


کۆشکی سپی ڕایگەیاند سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لەڕێی پەیوەندییەکی تەلەفونیەوە قسەی لەگەڵ پاشای سعودیە سەلماندا کردووە و جەختی لە گرنگی مافەکانی مرۆڤ کردۆتەوە و بەڵێنیداوە پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە بەهێزتر بکات.

کۆشکی سپی وتی " سەرۆک بایدن جەختی لە گرنگی مافەکانی مرۆڤ و فەرمانڕەوایی یاسا کردۆتەوە لە جیهاندا و هەردوو سەرۆک تاوتوێی پابەندبوونی ئەمەریکایان کردووە بە یارمەتیدانی سعودیەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشی گروپەکانی سەر بە ئێراندا."

لەلایەکی دیکەوە لە ماوەی ڕابردوودا وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە ئەنتۆنی بلینکن لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ هاوتا سعودیەکەی ئەمیر فەیسەڵ بن فەرحاندا باسیان لە گرنگی پێشکەوتنی سعودیە کردووە لە بواری مافەکانی مرۆڤدا.

وەزارەتەکە لە بەیەننامەیەکدا وتی " بلینکن و وەزیری دەرەوەی سعودیە تاوتوێی هەوڵە هاوبەشەکانیان کردووە بۆ پتەوکردنی بەرگرییەکانی سعودیە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG