Accessibility links

شازادەی جێنشینی سعودیە لە تورکیا لەگەڵ ئەردۆغاندا کۆدەبێتەوە


ڕۆژی چوارشەممە بۆ یەکەمین جار دوای چەند ساڵێکی زۆر شازادەی جێنشینی سعودیە محەمەد بن سەلمان گەیشتە تورکیا، ئەوەش بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغاندا.

ئامانج لە سەردانەکەش ئاساییکردنەوەی تەواوەتی پەیوەندییەکانی نێوان سعودیە و تورکیایە کە دوای کوژرانی ڕۆژنامەنووسی سعودی جەمال خاشقچییەوە لە ئیستانبوڵ بەتەواوەتی تێکچوون.

سەردانەکە هەنگاوێکی محەمەد بن سەلمانە لە هەوڵەکانیدا بۆ دووبارە چاککردنەوەی وێنەکەی خۆی لە دەرەوەی کەنداودا، لەکاتێکیشدایە ئەردۆغان هەوڵی دەستکەوتنی پشتیوانی دارایی دەدات کە ڕەنگە ببێتە یارمەتیدەرێک بۆ دووبارە بوژاندنەوەی ئابوورییە گەماردۆراوەکەی تورکیا پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی وڵاتەکە.

لە مانگی چواردا ئەردۆغان ڕاستەوخۆ قسەی لەگەڵ محەمەد بن سەلماندا کرد، ئەوەش چەند مانگێک دوای هەوڵەکان بۆ باشکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە، یەکێک لەو هەواڵانەش بریتی بوو لە کۆتایی هێنان بە دادگاییکردنەکان سەبارەت بە کوژرانی خاشقچی لە ساڵی 2018 دا لە ئیستەنبوڵ.

هەفتەی ڕابردوو ئەردۆغان گوتی لەگەڵ محەمەد بن سەلماندا لە کۆبوونەوەکەیان لە ئەنقەرە باس لەوە دەکەن " بزانن تاوەکو چ ئاستێک دەتوانن پەیوەندییەکانی نێوانیان بەرەوپێشەوە بەرن."

بەرپرسێکی باڵای تورکیا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات بە ڕۆیتەرزی وت پێشبینی دەکرێت سەردانەکە ببێتە هۆی " ئاساییکردنەوەی تەواوەتی پەیوەندییەکان و گەڕانەوەی پەیوەندییەکان بۆ ماوەی پێش دروست بوونی قەیرانەکان."

گوتیشی " سەردەمێکی نوێ دەست پێدەکات."

ئەردۆغان لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە ئەنقەرە پێشوازی لە شازادە محەمەد کرد. هیچ بەیاننامەیەکی گشتیش دوای کۆبوونەوەکانیان بڵاوناکرێتەوە.

بەرپرسە تورکییەکە گوتی دوو وڵاتەکە کۆتوبەندەکانیان لەسەر بازرگانی و گەشتەکان لابردووە.

گوتیشی ڕێکەوتنەکان لەسەر وزە و ئابووری و ئاسایش ڕەنگە لەمیانەی سەردانەکەدا واژۆ بکرێن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG