Accessibility links

یەمەن و سعودیە و ئیماڕات حوثییەکان تۆمەتبار دەکەن بەوەی پابەند نەبوون بە ڕێکەوتنی کشانەوەکەوە


حکومەتی یەمەن و سعودیە و ئیمارات حوثییەکانی یەمەنیان تۆمەتبار کرد بەوەی پابەند نەبوون بەو ڕێکەوتنەی کە دوو هەفتە لەمەوپێش واژۆ کرا سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی هەردوولای جەنگی یەمەن لە شاری حودەیدە و بەندەرەکانی.

حوثییەکان لەمیانەی وتوێژەکاندا ڕێکەوتن لەسەر ئەوەی لە هەردوو بەندەری سەڵیف و ڕاس عیسا بکشێنەوە، ئەمەش هەنگاوێکی ئەرێنی بوو بەرەو کەمکردنەوەی ململانێکانی ناو یەمەن کە ماوەی چوار ساڵە بەردەوامە.

حکومەتی یەمەن و سعودیە و ئیماڕات داوایان لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد داوا لە حوثییەکان بکات بەرپرسیارێتیەکانیان جێبەجێ بکەن، ئەمەش بەپێی ئەو نامەیەی کە ڕۆژی دووشەممە ڕەوانەی ئەنجومەنی ئاسایش و سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە.

لە نامەکەی ئەو سێ وڵاتەدا هاتووە دەڵێت " ڕەت کردنەوەی لەناکاوی حوثییەکان بۆ کشانەوەی هێزەکانیان لە هەردوو بەندەری سەڵیف و ڕاس عیسا توشی سەرسوڕمانمان ناکات بەهۆی ئەوەوە کە چەند مانگێکە خاوە خاو دەکەن لە جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکەدا."

لە دوای واژۆکردنی ڕێکەوتنی ئاگربەست لە مانگی دوانزەدا لە سوید، حوثییەکان و هاوپەیمانێتی بە ڕابەرایەتی سعودیە یەکتری تۆمەتبار دەکەن بە تۆمەتی پێشێلکردنی ڕێکەوتنی ئاگربەست، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەتی کردەوە لۆمەی هیچ کامێکیان بکات.

وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان ستیڤن دوگاریک وتی وتوێژەکان بەردەوامن لەگەڵ هەردوولادا تاوەکو بەرپرسیارێتییەکانیان جێبەجێ بکەن و هێزەکانیان لە بەندەرەکان بکشێننەوە.

دوای وتوێژەکانی حودەیدە کە دوو ڕۆژی خایاند، نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند حکومەتی یەمەن و حوثییەکان ڕێکەوتوون لەسەر قۆناغی یەکەمی کشانەوەی هێزەکان.

نەتەوە یەکگرتووەکان هیوادارە لە شاری حودەیدە شەڕ و پێکدادانەکان نەمێنن تاوەکو یارمەتیە مرۆیی و تەندروستییەکان بگەنە دەستی ملیۆنان هاوڵاتی یەمەنی.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG