Accessibility links

جوبەیر: سعودیە پشتیوانی لە هەڵوێستی سەرۆک ترامپ دەکات بەرامبەر ئێران


وەزیری دەرەوەی سعودیە عادل جوبەیر وتی وڵاتەکەی پشتیوانی لە هەڵوێستی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ دەکات سەبارەت بە ئێران و ئەوەش دوای ئەوەی سەرۆک ترامپ بڕیاریدا پابەندبوونی ئێران بە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەوە پەسەند نەکات.

سەرۆک ترامپ لەم مانگەدا هەڵوێستی زلهێزەکانی تری جیهانی پشت گوێخست و بڕیاریدا بە فەڕمی پابەندبوونی ئێران بە ڕێکەوتنە ناوەکیەکەوە پەسەند نەکات، سەرەڕای ئەوەی چاودێرە نێودەوڵەتییەکان چەند جارێک دووپاتیان کردەوە کە ئێران پابەندە بە ڕێکەوتنەکەوە.

جوبەیر وتی ڕێکەوتنەکە کەموکورتی زۆری تێدایە و هاوڕایە لەگەڵ لێکدانەوەکانی سەرۆک ترامپ سەبارەت بەوەی کە ئێران کار دەکات بۆ تێکدانی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە و کۆمەکی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان دەکات.

سعودیەی سوننە مەزهەب هاوپەیمانی ئەمەریکایە و چەند سەدەیەکە ناکۆکی لەگەڵ ئێرانی شیعە مەزهەبدا هەیە.

جوبەیر لە کۆنگرەیەکدا لە لەندەن وتی ڕەفتارەکانی ئێران جێی قبوڵکردن نین و سزای دەبێت بۆ ئێرانییەکان.

وتیشی دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانی لەو سزایانە بکات بەمەبەستی ئاڕاستەکردنی پەیامێکی بەهێز بۆ ئێران بۆ ئەوەی بزانێت کە ڕەفتارەکانی و چالاکیە شومەکان سزای هەیە.

ئێرانیش دەڵێت بەرنامە ناوەکییەکەی بۆ هۆکاری ئاشتیە و ڕەتی دەکاتەوە هەوڵبدات بۆمبی ناوەکیی پەرەپێبدات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG