Accessibility links

عەرەبستانی سعودیە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا دەکڕێت


عەرەبستانی سعودیە ڕایگەیاند ڕێککەوتووە لەسەر کڕینی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا، ئەمەش یەکێکە لەو گرێبەستانەی کە سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە ماوەی سەردانەکەیدا بۆ سعودیە لەگەڵ ئەو وڵاتەدا واژۆی کردووە.

دەزگای هەواڵی سپای سعودیە ڕایگەیاند ئەردۆغان و شازادەی جێنشینی سعودیە محەمەد بن سەلمان ئامادەی مەراسیمی واژۆکردنی گرێبەستەکە بوون لە نێوان کۆمپانیای بەرگری بەیکاری تورکیا و وەزارەتی بەرگری سعودیەدا.

ئەردۆغان ڕۆژی دووشەممە گەیشتە شاری جەددەی سعودیە لەسەر دەریای سوور، سعودیە یەکەمین وێستگەی گەشتەکەی ئەردۆغان دەبێت بۆ وڵاتانی کەنداو.

وەزیری بەرگری سعودیە شازادە خالید بن سەلمان وتی سعودیە بە ئامانجی " پتەوکردنی ئامادەیی هێزە چەکدارەکانی سعودیە و پتەوکردنی توانا بەرگریییەکانی " فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەکڕێت.

سپا ئاماژەی بە بەهای فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان نەدا.

لە ساڵی 2021 ەوە وەبەرهێنانەکان و یارمەتییە داراییەکانی کەنداو یارمەتیدەر بوون لە کەمکردنەوەی فشارەکانی سەر ئابووری تورکیا و یەدەگەکانی دراوەکەی، لە ساڵی 2021 تورکیا دەستی بە هەڵمەتێک کرد بۆ چاککردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سعودیە و ئیماڕاتدا.

تورکیا ماوەی چەندین ساڵە لەگەڵ سعودیە و ئیماڕاتدا ناکۆکییان هەیە سەبارەت بە پشتیوانییەکانی ئەنقەرە بۆ جووڵانەوە دیموکراسییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقادا، هەروەها بەهۆی کوژرانی ڕۆژنامەنووسی سعودی جەمال خاشقچییەوە لە کونسوڵخانەی سعودیە لە ئیستەنبوڵ لە ساڵی 2018 دا پەیوەندییەکانییان خراپتر بوون.

ڕۆژی سێشەممە ئەردۆغان بەرەو قەتەڕ گەشت دەکات، کە دووەمین وێستگەی دەبێت لە گەشتەکەیدا بۆ کەنداو. ڕۆژی چوارشەممەش سەردانی ئیماڕات دەکات.

سپا وتی ئەردۆغان و شازادە محەمەد بن سەلمان ئامادەی واژۆکردنی گرێبەستی پلانی هاریکاری بەرگری بوون کە لەلایەن شازادە خالید و وەزیری بەرگری تورکیا یاسار گولەرەوە واژۆ کراوە.

سپا وتی دوو وڵاتەکە چەند یاداشتێکی لە یەکتر تێگەیشتنییان لەسەر چەندین کەرتی جیاواز واژۆ کردووە، لەوانەش کەرتەکانی ئابووری و خانووبەرە و وەبەرهێنانی ڕاستەوخۆ.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG