Accessibility links

ڕابەرانی عەرەبی داوای لێکۆڵینەوە دەکەن لەسەر هێرشە کیمیاییەکانی سوریا


پاشای سعودیە سەلمان بەن عەبدولعەزیز
پاشای سعودیە سەلمان بەن عەبدولعەزیز

ڕابەرانی عەرەبی داوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکیان کرد لەسەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە سوریا و لە میانەی کۆبوونەوەکەیاندا کە ڕۆژی یەکشەممە لە زەهرانی سعودیە بەڕێوەچوو سەرکۆنەی دەستوەردانی ئێرانیان کرد لە کاروباری ناوخۆی وڵاتانی دیکەدا.

لە بەیاننامەیەکیاندا هاتووە دەڵێت " بەتوندی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دژی گەلی سوریای برامان سەرکۆنە دەکەین و داوای لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی سەربەخۆ دەکەین کە تیایدا یاسای نێودەوڵەتی جێبەجێ بکرێت بەسەر هەر کەسێکدا کە چەکی کیمیایی بەکارهێنابێت."

لە بەیاننامەکەدا جەخت لە پێویستی دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسیی کراوەتەوە بۆ جەنگی ناوخۆی سوریا کە بۆتە هۆی کوژرانی نیو ملیۆن کەس لە ماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا.

سعودیە و هەندێک لە هاوپەیمانەکانی پشتیوانی خۆیان دەربڕی بۆ هێرشە موشەکییەکانی ئەمەریکا و بەڕیتانیا و فەڕەنسا کە سێ دامەزراوەیان کردبووە ئامانج کە باوەڕ وایە چەکی کیمیاییان تێدا بووە، لەکاتێکدا هەندێک لە وڵاتانی دیکەی عەرەبی وەکو عێراق و لوبنان سەرکۆنەی هێرشەکانیان کرد.

لەلای خۆیەوە حکومەتی سوریا ڕەتی دەکاتەوە چەکی کیمیایی بەکارهێنابێت یاخوود هەیبێت و دەڵێت هێرشەکان کردەوەیەکن لە کردەوەی دوژمنکاریی.

لە کۆتا بەیاننامەدا هاتووە داوا دەکرێت سزا نێودەوڵەتییەکانی سەر ئێران توندتر بکرێنەوە و داوا لە ئێران کراوە چەکدارەکانی لە سوریا و یەمەن بکشێنێتەوە.

پاشای سعودیە سەلمان بن عەبدولعەزیز لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا وتی " لەم بارەیەوە سەرکۆنەی کردەوە تیرۆریستییەکان دەکەین کە ئێران ئەنجامیان دەدات لە ناوچە عەرەبییەکاندا، هەروەها دەستوەردانەکانی لە کاروباری ناوخۆی وڵاتانی عەرەبیدا ڕەت دەکەینەوە." ئێرانیش ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG